وەفدێکی باڵای ئیسرائیل بە سەرۆکایەتی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە گەیشتە سۆمالیلاند، میدیا عیبرییەکانیش باس لە ئەگەری دروستکردنی بنکەی سەربازی دەکەن لەو ناوچەیەدا.

میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە وەفدێکی ئیسرائیلی بە سەرۆکایەتی گیدعۆن ساعر، وەزیری دەرەوە گەیشتوونەتە سۆمالیلاند. ئەم سەردانەش تەنها چەند ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە فەرمی دانی بە سەربەخۆیی سۆمالیلاند-دا نا، وەک یەکەم وڵاتی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئەو هەنگاوەی نا، هەرچەندە بڕیارەکە ڕووبەڕووی ئیدانەکردنی نێودەوڵەتی بووەوە.

کەناڵی 14ـی ئیسرائیلی ئاشکرای کردووە، پێشبینی دەکرێت کۆبوونەوەکان لەسەر "هاوکاری ئەمنی و سیاسی" چڕ ببنەوە و راپۆرتەکان ئاماژە بە "ئەگەری دروستکردنی دامەزراوەی بەرگریی ئیسرائیلی" دەدەن لەو ناوچە ستراتیژییەدا.

کەناڵەکە ڕوونیشیکردووەتەوە، ئەگەری هەیە سۆمالیلاند ڕێگە بە ئیسرائیل بدات ناوچەی دیاریکراو لە خاکەکەی بۆ مەبەستی سەربازی بەکاربهێنێت، ئەوەش بەهۆی گرنگیی پێگە جوگرافییەکەیەوە.

لای خۆیەوە دانی دانۆن، باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی کردەوە: "کەس ناتوانێت گرنگیی پێگە ستراتیژییەکەی سۆمالیلاند و گەرووە ئاوییەکانی ئەو ناوچەیە پشتگوێ بخات".