لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا گرژییەکان لە گەڕەکی شێخ مەقسودی حەلەب پەرەی سەندووە، بەهۆی بۆردومانی چەکدارەکانەوە هاووڵاتییەک کوژرا، لە وەڵامی هێزەکانی ئاسایشیشدا بۆ سەرچاوەی تەقەکان، چەکدارێکی حکومەتی سوریا کوژرا.

بەپێی راگەیەندراوی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب، لەماوەی شەو و رۆژی رابردوودا چەکدارەکانی سەر بە "وەزارەتی بەرگریی حکومەتی سوریا" چوار جار هێرشیان کردووەتە سەر گەڕەکی شێخ مەقسود، بەو هۆیەوە هاووڵاتییەک کوژراوە و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون، وێڕای زیانێکی زۆری ماددی.

ئاسایشی حەلەب رونیکردووەتەوە، لە چوارچێوەی مافی رەوای بەرگری لە خۆیان، وەڵامی سەرچاوەی هێرشەکانیان داوەتەوە و دوو خاڵی چەکدارەکانی حکومەتی سوریایان کردووەتە ئامانج.

بەپێی زانیارییەکان، لە ئەنجامی وەڵامدانەوەکەی ئاسایشدا، چەکدارێکی سەر بە حکومەتی سوریا کوژراوە و سێ چەکداری دیکەش بریندار بوون.

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ئەو هێرشانە بە "پێشێلکارییەکی نوێی ئاگربەست" ناودەبات و جەخت دەکاتەوە کە وەڵامەکانیان لە چوارچێوەی یاسا و پاراستنی گیانی مەدەنییەکاندا دەبێت.