دادگایەکی تورکیا بە پاساوی "سوکایەتیکردن بە سەرۆک کۆمار" لە وتارەکانیدا، سزای ساڵێک و پێنج مانگ و ١٥ رۆژ زیندانیی بەسەر سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەدا سەپاند.

دانیشتنی دادگاییەکە لە 14هەمین دادگای سزاکانی مێرسین بەڕێوەچوو، تێیدا بڕیار لەسەر دۆسیەی وتارەکانی دەمیرتاش درا کە لە نێوان ساڵانی 2015بۆ 2016 لە شارەکانی ئامەد و مێرسین پێشکەشی کردبوون.

لە دانیشتنەکەدا دەمیرتاش لە زیندانی ئەدرنەوە بەشداری پێ نەکرا و دادگا بە بیانووی "ئەمنی" رەتیکردەوە رێگەی پێ بدات ئامادەبێت، هەروەها داواکاریی پارێزەرەکانی بۆ وەرگرتنی کاتی زیاتر و گۆڕینی دادوەر بەهۆی "پێشێلکردنی مافی بەرگری"یەوە رەتکرایەوە.

دواجار دادگا بڕیاریدا بە سزادانی سەڵاحەدین دەمیرتاش بە زیندانی بۆ ماوەی 1 ساڵ و 5 مانگ و 15 رۆژ، ئەوەش بە تۆمەتی ئەوەی بە شێوەیەکی زنجیرەیی سوکایەتی بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کردووە.