باخچەلی: ترەمپ عەقڵی بووە بە هەڵم
راهۆز
٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
سەرۆکی مەهەپە بە توندی هێرش دەکاتە سەر سیاسەتەکانی ئەمەریکا بەرامبەر ڤەنزوێلا و رایدەگەیەنێت، هێز و توانای عەقڵی دۆناڵد ترەمپ نەماوە و ئامانجی دەستگرتنە بەسەر سەرچاوەکانی وزەدا.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) پشتگیری خۆی بۆ ڤەنزوێلا دەربڕی و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی حزبەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند: بە توندی ئیدانە و نەفرەت لەو هێرشە دەکەم کە کرایە سەر نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی شەرعیی و هەڵبژێردراوی ڤەنزوێلا.
باخچەلی بە شێوەیەکی توند رەخنەی لە دۆناڵد ترەمپ گرت و وتی: "ساغڵەمی و توانای عەقڵی و ئەخلاقیی ترەمپ بەهەڵم بووە، وتەکانی سەرۆکی ئەمەریکا کە دەڵێت ئێمە ڤەنزوێلا بەڕێوەدەبەین، پەیامێکە بۆ دەستگرتن بەسەر سەرچاوەکانی وزە و رووە ڕاستەقینەکەی ئیمپریالیزم و داگیرکاریی نوێ دەردەخات". داواشی لە کۆنگرێسی ئەمەریکا کرد دەستوەردان بکات بۆ ڕاگرتنی بڕیارە نادەستوورییەکانی ترەمپ.



