هەسەدە: بەرگری لە خەڵکی خۆمان دەکەین
محەمەد رزگار
٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتی سوریا بۆردومانی چەند ناوچەیەکیان لە دێرحافر کرد و هەسەدەش جەختدەکاتەوە، بەرگری لە خەڵکەکەی خۆیان دەکەن.
هێزەکانی سوریای دیموکرات 'هەسەدە' لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لەلایەن گروپە چەکدارەکانی عەمشات و حەمزاتی سەر بە حکومەتی دیمەشق، ناوچەی دێرحافر لە پارێزگای حەلەب تۆپباران کرا، ئەمەش مەترسی لەسەر ژیانی خەڵکی مەدەنی لەو ناوچانە دروستکردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانیان بەرپەرچی هەر هێرشێک دەدەنەوە کە هاووڵاتی مەدەنی بە ئامانج بگرن و مەترسی بۆ سەر ژیانیان درووستبکات.
هەسەدە راشیگەیاند، مافی رەوای خۆیانە کە بەرگری لە گەلەکەیان بکەن و خاکەکەیان بپارێزن.
جەختیشدەکاتەوە، ئەو تۆپبارانە هیچ زیانی مادی و گیانی بە هێزەکانیان نەگەیاندووە، هەروەها بەرپرسیارێتی تەواوی ئەم تاوان و پێشێلکارییانە و دەرئەنجامەکانی دەخەنە گروپە چەکدارەکانی سەر حکومەتی دیمەشق.



