سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت: رێگە نادەن ئێران بەرنامەی موشەکی بالیستی خۆی بنیاد بنێتەوە، جەختیش دەکاتەوە ئەگەر لەلایەن ئێرانەوە بکرێنە ئامانج ئەوا دەرئەنجامەکانی بۆ تاران مەترسیدار دەبێت.

بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە پەرلەمانی وڵاتەکەی 'کنێست' رایگەیاند، بەهەموو رێگەیەک دژی بەرنامەی موشەکی بالیستی دەوەستنەوە و رێگە نادەن جارێکی تر بنیادی بنێنەوە.

وتیشی، ئەگەر لەلایەن ئێرانەوە بکرێنە ئامانج، ئەوا دەرئەنجامەکانی بۆ لەسەر تاران زۆر مەترسیدار دەبێت.

ناتانیاهۆ ئەوەشی خستەڕوو، رێگە نادات بەهیچ شێوەیەک ئێران یۆرانیۆم بپیتێنێت.

سەبارەت بە دەستگیرکردنی سەرۆکی ڤەنزوێلا لەلایەن ئەمریکاوە، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان پشتیوانی لە ئۆپراسیۆنە بوێرەکەی دۆناڵد ترەمپ سرۆکی ئەمریکا دەکەن لە ڤەنزوێلا.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لێپرسراوانی ئێران رایانگەیاندبوو، وڵاتەکەیان لە هەموو کات زیاتر ئامادەیە بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک کە بکرێتە سەر ئێران.