یەمەن سەکۆی پێکدادانی سعودیە و ئیمارات
راهۆز
٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
قەیرانی یەمەن پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ و مەترسیدارەوە؛ ئەوەی پێشتر "جەنگی سارد"ی نێوان هاوپەیمانەکان بوو، ئەمڕۆ بە رەسمی بووە پێکدادانی سەربازی. لە کاتێکدا حوسییەکان لە باکورەوە بە چێژەوە سەیری دیمەنەکە دەکەن، دۆستەکانی دوێنێ (سعودیە و ئیمارات) لە باشورەوە لولەی تفەنگەکانیان کردۆتە یەکتر.
حەزرەمەوت؛ خاڵی تەقینەوە:
ئەمڕۆ هەینی، سالم خەنبەشی، پارێزگاری حەزرەمەوت (کە پیاوی یەکەمی سعودیە و حکومەتە لە ناوچەکە)، فەرمانی دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنێکی بۆ وەرگرتنەوەی سەربازگەکان لە دەستی "ئەنجومەنی کاتی باشور" (هاوپەیمانی ئیمارات) دەرکرد.
هەرچەندە خەنبەشی ئۆپراسیۆنەکەی بە "ئاشتیانە" وەسف کرد، بەڵام دیمەنە مەیدانییەکان شتێکی تر دەڵێن؛ هێزەکانی "مەتاڕقی نیشتمانی" (درع الوطن) کە راستەوخۆ لەلایەن ریازەوە فەرماندەیی دەکرێن، روبەڕووی بۆسە و هێرش بوونەتەوە و فڕۆکە جەنگییەکان بۆردومانی هێرشبەرەکانیان کردووە.
داخستنی ئاسمان بەڕوی سعودییە و پەیامی توند:
گرژییەکان تەنها لەسەر زەوی نین، بەڵکو ئاسمانیشی گرتۆتەوە. دوای ئەوەی ئیدریس زوبەیدی (سەرۆکی ئەنجومەنی ئینتیقالی) رێگری لە نیشتنەوەی فڕۆکەی شاندێکی سعودیە کرد لە عەدەن، باڵیۆزی سعودیە بە توڕەییەوە وەڵامی دایەوە. لە ئێستادا گەشتەکان لە فڕۆکەخانەی عەدەن راگیراون و جوداخوازەکان سعودیە بە سەپاندنی "گەمارۆی ئاسمانی" تۆمەتبار دەکەن.
یاریزانە سەرەکییەکانی نێو یارییەکە کێن و چیان دەوێت؟
بۆ تێگەیشتن لەم ئاڵۆزییە، دەبێت سەیری نەخشەی دابەشبوونی هێز بکەین کە ئێستا سێ جەمسەری سەرەکییە:
١. حوسییەکان (ئەنساروڵڵا):
لە باکوری یەمەن و سەنعای پایتەخت دان.
-
هاوپەیمان: ئێران.
-
بەهێزترین لایەنی ئێستای گۆڕەپانەکەن، سودمەندی یەکەمن لە شەڕی نێوان سعودیە و ئیمارات.
٢. ئەنجومەنی ئینتیقالیی باشور (جوداخوازەکان):
لە عەدەن و بەشێکی زۆری باشوری یەمەندان.
-
هاوپەیمان: ئیمارات.
-
ئامانجیان گەڕاندنەوەی دەوڵەتی سەربەخۆی باشوری یەمەن (وەک پێش ساڵی 1990). ئەمان ئێستا دەستیان بەسەر زۆربەی بەندەر و کێڵگە نەوتییەکاندا گرتووە و رەتیدەکەنەوە ملکەچی بڕیارەکانی ریاز بن.
٣. ئەنجومەنی سەرکردایەتی (حکومەتی شەرعی):
-
لە بەشێک لە حەزرەمەوت و ناوچە سنورییەکاندان.
-
هاوپەیمان: سعودیە.
-
دۆخ: لە دۆخێکی لاوازدایە، تاکە هێزی کاریگەری بە دەستەوە مابێت هێزەکانی "مەتاڕقی نیشتمانی"یە کە سعودیە دروستی کردوون بۆ روبەڕووبوونەوەی نفوزی ئیمارات.
نەوت و ئابووریی جیهان
ئەم شەڕە تەنها شەڕی خاک نییە، بەڵکو شەڕی وزەیە. ناکۆکیی نێوان سعودیە و ئیمارات کە دوو گەورە بەرهەمهێنەری نەوتی ئۆپێکن، مەترسی خستۆتە سەر بازاڕەکانی جیهان. سعودیە پێشڕەویی جوداخوازەکان بۆ سنورەکانی بە "هێڵی سور" دەزانێت و ئیماراتیش بە کشانەوەی هێزەکانی، بۆشاییەکی ئەمنی گەورەی بۆ سعودیە بەجێهێشتووە
یەمەن لە ساڵی 2026دا لەبەردەم سیناریۆیەکی تاریکدایە؛ ئەگەر سعودیە نەتوانێت لە رێگەی هێزەکانی "مەتاڕقی نیشتمانی"یەوە کۆنترۆڵی حەزرەمەوت بکاتەوە، ئەوا باشوری یەمەن بەتەواوی دەکەوێتە دەست جوداخوازەکان و خەونی دەوڵەتی یەکگرتووی یەمەن دەکەوێتە مەترسییەوە، ئەمەش دەرگا بۆ حوسییەکان دەکاتەوە کە زیاتر دەسەڵاتی خۆیان فراوان بکەن.



