"باپیرەی رۆژنامەگەریی ئازاد" و دۆستی دێرینی کورد کۆچی دوایی کرد
راهۆز
١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
حسێن ئایکۆڵ، رۆژنامەنوس و نوسەری دیاری تورکیا و داکۆکیکاری سەرسەختی مافەکانی کورد، کە ناوەندە میدیاییەکان بە "باپیرەی رۆژنامەگەریی ئازاد" ناوی دەبەن، کۆچی دوایی کرد.
لەیلا زانا، ژنە سیاسەتمەداری کورد لە پەیامێکی ماتەمینیدا بۆ کۆچی دوایی حسێن ئایکۆڵ رایگەیاند: "تەنانەت لە سەختترین بارودۆخ و رۆژە تاریکەکانیشدا، تۆ دۆستی گەلانی چەوساوە و ناسنامە و باوەڕە پەراوێزخراوەکان بوویت، لەپێش هەمووشیانەوە گەلی کورد".
لەیلا زانا لە پەیامەکەیدا ئەو رۆژنامەنوسە کۆچکردووەی بە "دەنگی زیندانەکان و شوێنکەوتووی راستییەکان" وەسف کردووە.
حسێن ئایکۆڵ کێ بوو؟
حسێن ئایکۆڵ (لەدایکبووی ساڵانی ١٩٥٠کان)، سەرەڕای ئەوەی بە رەچەڵەک تورک بوو، بەڵام یەکێک بوو لە دیارترین ئەو قەڵەمانەی ژیانی خۆی بۆ ئازادی رادەربڕین و پرسی کورد تەرخان کردبوو.
ئەو یەکێک بوو لە دامەزرێنەران و سەرنوسەرانی رۆژنامەی (ئۆزگور گوندەم - Özgür Gündem). لە ساڵانی نەوەدەکان و لەو سەردەمەی رۆژنامەنوسانی کورد تیرۆر دەکران، ئایکۆڵ وەک "سەرنوسەری ئێشکگر" کاری دەکرد و بەرپرسیارێتی یاسایی بڵاوکراوەکانی لە ئەستۆ دەگرت بۆ ئەوەی رۆژنامەکە دانەخرێت.
بەهۆی هەڵوێست و نوسینەکانییەوە، دەیان دۆسیەی لە دادگاکانی تورکیا لەسەر کرایەوە و ساڵانێکی زۆری لە زیندان بەسەر برد، بەڵام لە ناو زیندانیشدا بەردەوام بوو لە نوسین و داکۆکیکردن لە مافی زیندانیان، هەر بۆیە نازناوی "دەنگی زیندانەکان"ی پێ بەخشرا.
کۆچی دوایی حسێن ئایکۆڵ لە ناوەندە رۆشنبیری و سیاسییەکاندا بە لەدەستدانی "پشتیوانێکی راستگۆ و دۆستێکی بەوەفا" وەسف دەکرێت.



