سەرچاوەکان لە وەزارەتی بەرگری تورکیا لە کۆتا کۆنفرانسی رۆژنامەوانی ساڵدا رایانگەیاند، ئەنکەرە لە نزیکەوە چاودێری دۆخی سوریا دەکات و پشتیوانی لە پرۆسەی تێکەڵبوونەوەی هێزەکان دەکات لە چوارچێوەی سوپای سوریادا.

وەزارەتی بەرگری تورکیا ئاماژەی بەوەکردووە، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بەردەوامن لە داواکاری بۆ لامەرکەزی و فیدراڵی و هەنگاو نانێن بۆ تێکەڵبوونەوە بە دەسەڵاتی ناوەندی، ئەمەش زیان بە سەقامگیری و یەکپارچەیی خاکی سوریا دەگەیەنێت.

سەرچاوەکان دەڵێن: "لەگەڵ حکومەتی سوریا لەسەر بنەمای (یەک دەوڵەت و یەک سوپا) هەماهەنگی دەکەین، ئەگەر حکومەتی سوریا بۆ یەکێتی و یەکپارچەیی دەستپێشخەری بکات، تورکیا پشتیوانی لێدەکات".

لە بەشێکی دیکەی قسەکاندا باس لە پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا کراوە، بەتایبەت پرسی فڕۆکەی جەنگی F-35، لەوبارەیەوە بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایانگەیاندووە، تا ئەو کاتەی فڕۆکەی نیشتمانی (KAAN) دەخرێتە کار، بەردەوام دەبن لە زیادکردنی توانای هێزی ئاسمانی و کڕینی فڕۆکەی پێشکەوتوو.

تورکیا پێیوایە بە لابردنی سزاکانی "کاتسا"، هاوکارییەکان لەگەڵ پیشەسازی بەرگری ئەمریکا خێراتر دەبن، بۆیە کارکردن بۆ لابردنی سزاکان و دابینکردنی فڕۆکەی F-35 بەردەوامە.