بە ئامادەبوونی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا، لە رێوڕەسمێکدا لە دیمەشق دراوی نوێی سوریا راگەیەندرا، کە تێیدا وێنەی سەرکردەکان لابراوە و دوو سفر لە بەهاکەی کەمکراوەتەوە.

ئەمڕۆ لە کۆشکی کۆنگرەکان لە دیمەشق، بە ئامادەبوونی ئەحمەد شەرع و عەبدولقادر حوسریە، پارێزگاری بانک (بانقی) ناوەندیی سوریا، پەردە لەسەر دراوی نوێی وڵاتەکە لادرا.

سەرۆکی سوریا لە وتارێکدا رایگەیاند، گۆڕینی دراو ناونیشانە بۆ کۆتاییهاتنی قۆناغی رابردوو و دەستپێکی قۆناغێکی نوێ کە گەلی سوریا خوازیارییەتی.

ئەحمەد شەرع روونیکردەوە، لابردنی دوو سفر لە دراوە کۆنەکە مانای چاکبوونی راستەوخۆی ئابووری نییە، بەڵکو بۆ ئاسانکارییە لە مامەڵەکردندا، چونکە چاکبوونی ئابووری بەندە بە زیادکردنی بەرهەمهێنان و کەمکردنەوەی بێکاری.

سەبارەت بە دیزاینەکە، سەرۆکی سوریا ئاشکرای کرد: "شێوەی دراوە نوێیەکە گوزارشتە لە ناسنامەی نیشتمانی و دوورکەوتنەوە لە پیرۆزکردنی کەسایەتییەکان، بۆیە پەنامان بۆ هێما نیشتمانییەکان بردووە، چونکە کەسەکان دەڕۆن و دەگۆڕێن".

سەرۆکی سوریا داواشی لە هاووڵاتیان کرد تووشی شڵەژان نەبن و پەلە نەکەن لە گۆڕینەوەی پارە کۆنەکانیان، چونکە پرۆسەکە بەپێی خشتەیەکی کاتی دەبێت و پەلەکردن زیان بە بەهای لیرە دەگەیەنێت.