میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردوەتەوە، لە روبەڕوبونەوەی پۆلیس و ژمارەیەک گومانلێکراوی سەر بە رێکخراوی داعش لە ناوچەی یالۆڤا لە باکوری رۆژئاوای وڵاتەکە، حەوت ئەفسەری پۆلیس تورکیا بریندارن.

ئەمڕۆ دوو شەممە، کەناڵی دەوڵەتی تورکیا،  تی ئاڕ تی  بڵاویکردەوە، لە ناوچەی یالۆڤا لە باکووری رۆژئاوای تورکیا لە کاتی شەڕ و پێکدادانێکدا لەگەڵ کەسانێک، کە گومانی ئەوەیان لێکراوە داعشبن ، حەوت ئەفسەری پۆلیسی تورکیا بریندار بوون.

بە گوێرەی زانیارییەکان،  پۆلیسی شاری یالۆڤا ئۆپەراسیۆنێکی دەستپێکردووە وخانویەکیان کردووەتە ئامانج، کە گومانیان هەبوە ئەندامانی داعشی تێدا بوو بێت، لەکاتی هەڵکوتانە سەر خانوەکە، روبەڕوبونەوەی چەکداری دروست بوە و حەوت پۆلیس بریندار بوون.

میدیاکانی تورکیا، تا ئێستا لەبارەی رەوشی تەندروستی پۆلیسە بریندارەکانەوە هیچ زانیارییەکیان بڵاونەکردوەتەوە، هەروەها ئاماژەیان بە ژمارەی چەکدارەکان و چارەنوسی ئەوانیش نەکردوە.