لەلازقیە و تەرتوس چی رودەدات؟ کوژراو و بریندار هەیە
بڵند
٢٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
جارێکیتر عەلەوییەکانی سوریا دەستیان بە خۆپیشاندان کردەوە و داوای مافی چارەی خۆنوسین و جیابونەوە لە سوریا دەکەن، لە خۆپیشاندانەکاندا، گرژی دروست بوو لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی سوریا و تەقەیان لەیەکتری کرد، بەهۆیەوە کوژراو و بریندار هەیە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، دوابەدوای "دەسەڵاتی باڵای مەعنەوی کۆمەڵگەی عەلەوییەکان" و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عەلەوییەکان، بۆ خۆپیشاندان لە ناوچەی کەناراوەکانی سوریا، سەدان خۆپیشاندەر لە شارەکانی لازقییە و تەرتوس لەژێر دروشمی "چارەی خۆنوسین" رژانە سەر شەقامەکان و گرژی و ئاڵۆزی دروستبوو لە نێوان هێزەکانی حکومەتی سوریا و چەکدارەعەلەویەکان.
میدیا عەرەبییەکان بڵاویانکردوەتەوە، لە خۆپیشاندانی عەلەوییەکاندا، لە تەرتوس و لازقییە، هێزەکانی حومەتی سوریا و چەکدارە عەلەوییەکان روبەڕووی یەکتری بونەتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان و ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە تا ئێستا، جەگە لە برینداربون، ژمارەیەک هاووڵاتی مەدەنی کوژراون ولە بەرانبەریشدا یەکێک لە سەربازەکانی حکومەتی سوریاش کوژراوە و تا ئێستا کوژرانی سێ کەس و برینداربونی زیاتر لە 50 کەس پشتراستکراوەتەوە.
لای خۆیەوە وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاندوە، ژمارەیەک سەربازیان برینداربوون "دوای ئەوەی لە لازقیە و جەبلە لەلایەن پاشماوەکانی رژێمی ئەسەدەوە هێرشیان کراوەتە سەر".
گەرچی وەزارەتی ناوخۆی سوریا دەڵێت کۆنتڕۆڵی رەوشەکیان کردوە، بەڵام بە گوێرەی گرتە ڤیدیۆییەکان، خۆپیشاندان و روبەڕوبوەنەوە بەردەوامی هەیە.



