لەژێر بازاڕی تاران 5 کیلۆمەتر تونێل لێدراوە و کەس پێی نەزانیوە
راهۆز
٢٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
ئاشکرابوونی هەواڵی لێدانی تونێلێکی نهێنی بە درێژایی 5 کیلۆمەتر لەژێر بازاڕی گەورەی تاران، پرسیاری زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە کە چۆن لە شوێنێکی قەرەباڵغی وادا کەس بەو هەموو خۆڵەی نەزانیوە؟
ماڵپەڕی فەرارۆ بڵاویکردەوە، لەژێر سێ سەرای بازاڕی گەورەی تاران کە رۆژانە 10 هەزار کەس تێیدا هاتوچۆ دەکەن و هەزار دوکانی تێدایە، تونێلێکی 5 هەزار مەتری بەشێوەیەکی نایاسایی لێدراوە.
راپۆرتەکە بەسەرهاتەکە دەچوێنێت بە فیلمی (Shawshank Redemption) و دەپرسێت: "ئایا ئامێری ئەم کەسانە تەنیا چەکوش بووە؟ ئایا کارێکی لەم شێوەیە لە دڵی شارێکی قەرەباڵغدا بە بێدەنگی دەکرێت؟".
بەپێی راپۆرتەکە، لێدانی ئەم تونێلە مەترسییەکی گەورەی بۆ سەر ئابووری، پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و گرنگتر لە هەموویان گیانی خەڵک دروستکردووە، بە تایبەت کە رەنگە کاریگەریی لەسەر درزبردنی دیوارەکان و پایەکانی دەوروبەری هەبووبێت.
هاوکات وەفدی هاوبەشی شارەوانی و داواکاری گشتیی تاران دوای سەردانکردنی بازاڕەکە رایانگەیاند، لەژێر سێ بازاری سەرەکی (ئازادی، نادری و زیبا) تونێل لێدراوە و پایەکانی باڵەخانەکان بۆش کراون بۆ دروستکردنی دوکان و کۆگای نایاسایی.
سەرۆکی رێکخراوی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی تارانیش ئاشکرای کرد، تونێل و هەڵکۆڵینەکان بەبێ رەچاوکردنی مەرجەکانی سەلامەتی کراون و سەقفی تونێلەکان خوار بوونەتەوە و ستوونەکان درزیان بردووە، لەکاتێکدا رۆژانە 5 بۆ 6 هەزار کەس لەو شوێنە هاتوچۆ دەکەن.



