پزیشکیان: ئەمریکا دەیەوێت لە 3 ساڵدا ئێران بڕوخێنێت
راهۆز
٢٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
سەرۆک کۆماری ئێران رایدەگەیەنێت، ئەو بە تەنیا ناتوانێت کێشەکانی وڵات چارەسەر بکات، بەڵام بە یەکڕیزی دەتوانن بەسەر سزا و فشارەکاندا زاڵ بن.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی خامنەیی رایگەیاند: "چەندین جار وتوومە "من" ناتوانم، بەڵکو "ئێمە" دەتوانین، کێشەکانی وڵات بەو شێوەیە نین کە من بە تەنیا بتوانم چارەسەریان بکەم".
وتیشی: "بە یەکگرتوویی دەتوانین بەسەر کێشەکان و سزا و فشارەکاندا زاڵ بین، ئەگەر لەگەڵ یەکتر بین مەحاڵە دوژمنان بتوانن داگیرمان بکەن".
سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا پلان دادەڕێژێت بۆ ئەوەی لە ماوەی 36 مانگی داهاتوودا ئێران بڕوخێنێت، لەکاتێکدا پێشتر دەیانوت لە 12 رۆژدا دەڕوخێت، بەڵام ئەگەر یەکگرتوو بن، تەنانەت دوای 36 هەزار ساڵیش ناتوانن ئەو کارە بکەن.
پزیشکیان جەختیکردەوە، ئەگەر ئێران و وڵاتانی دراوسێ یەکگرتوو بن، ئەمریکا ناتوانێت وڵاتانی ناوچەکە بەو شێوەیە ئیستیغلال بکات.



