کۆمەڵەی پارێزەرانی ئازادی (OHD) داوادەکات "مافی هیوا" بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان جێبەجێ بکرێت و هەمووان بۆ ئازادیی جەستەیی ئەو بەشداری خۆپیشاندانی ئامەد بکەن.

لقەکانی کۆمەڵەی پارێزەرانی ئازادی لە ئامەد، وان، ئیستەنبوڵ، ئەنقەرە و چەندین شاری دیکە، لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا پشتیوانییان بۆ خۆپیشاندانی "هیوا و ئازادی" دەربڕی کە بڕیارە 4ی مانگی داهاتوو لە گۆڕەپانی وێستگەی ئامەد بەڕێوەبچێت.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "دابینکردنی ئازادیی جەستەیی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان و جێبەجێکردنی مافی هیوا، مەرجی بنەڕەتیی ئاشتییەکی راستەقینە و بەردەوامە".

کۆمەڵەکە ئاماژەی بەوە کردووە، دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا سزای زیندانیی هەتاهەتایی بەبێ مافی ئازادبوون بە پێشێلکاریی قەدەغەکردنی ئەشکەنجە داناوە و داوای لە تورکیا کردووە یاساکانی هەموار بکاتەوە، بەڵام دوای 11 ساڵ هێشتا ئەنقەرە هیچ هەنگاوێکی نەناوە.

پارێزەرانی ئازادی داوا لە پەرلەمانی تورکیا دەکەن دەستبەجێ یاساکانی پەیوەست بە "مافی هیوا" هەموار بکاتەوە و کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنێت.