فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، بۆ تێکەڵکردنەوەی هێزە سەربازییەکان گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن و جەخت دەکاتەوە کە دەبێت چارەسەر لە سوریا لامەرکەزی بێت.

مەزلوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە میانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی دەستەی راوێژکاری بۆ پشتیوانیی لیژنەی دانوستان لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، باسی لە رێککەوتنەکەی 10ی ئازار کرد و رایگەیاند، سەبارەت بە تێکەڵکردنەوەی هێزە سەربازییەکان بەپێی بەرژەوەندیی گشتی، گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنی هاوبەش.

وتیشی: "پێمانوایە چارەسەر لە سوریا دەبێت لامەرکەزی بێت و خەڵکی ناوچەکە خۆیان ئیدارەی ناوچەکانیان بدەن لە چوارچێوەی دەستووردا".

مەزڵوم کۆبانێ ئاماژەی بەوە کرد، پرسە دەستوورییەکان کاتیان دەوێت بۆ ئەوەی بگەنە چارەسەرێک هەموو سوریا بگرێتەوە، بەڵام لە بابەتە سەرەکییەکاندا بۆچوونەکان لێک نزیکن.

سەبارەت بە دەروازەکان و سامانە سروشتییەکان، فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاشکرای کرد، پێشکەوتن هەیە لە دروستکردنی دیدگایەکی هاوبەش بۆ دەروازە و سنوورەکان و سامانە سروشتییەکانیش (نەوت و گاز) هی هەموو سورییەکانن.