سعودیە هۆشداریدا لە جوڵە سەربازییەکانی ئەنجومەنی کاتی لە حەزرەمەوت و مەهرە و رایگەیاند، جوڵەکان تاکلایەنە بوون و بێ هەماهەنگی کراون، بۆیە دەبێت بەپەلە هێزەکانیان لەو دوو پارێزگایە بکشێننەوە.

وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، جوڵە سەربازییەکانی ئەنجومەنی کاتی لە حەزرەمەوت و مەهرە بەبێ رەزامەندیی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و هەماهەنگیی هاوپەیمانان کراون، ئەمەش بووەتە هۆی گرژییەکی بێ پاساو.

راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، سعودیە لەگەڵ ئیمارات و سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەمەن هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە دەدەن و تیمێکی سەربازیی هاوبەش رەوانەی عەدەن کراوە بۆ رێکخستنی کشانەوەی هێزەکانی ئینتیقالی بۆ شوێنەکانی پێشوویان.

سعودیە دووپاتیشی کردەوە، چاوەڕوانن ئەنجومەنی کاتی بەرژەوەندیی گشتی لەبەرچاو بگرێت و بەپەلە هێزەکانی لەو دوو پارێزگایە بکشێنێتەوە و رادەستی هێزەکانی قەڵغانی نیشتمان و دەسەڵاتی خۆجێیی بکات.