دوای ئەوەی رایگەیاندبوو "هەگیز لە غەززە ناکشێنەوە و لە باکورەکەی نیشتەجێ دەبین"، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە قسەکانی پاشگەز بووەوە و رایگەیاند، حکومەت نیازی دروستکردنی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی نییە.

ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە مەراسیمێکدا رایگەیاندبوو، هەرگیز لە تەواوی کەرتی غەززە ناکشێنەوە و لە باکوری کەرتەکە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون دروست دەکەن، بەڵام دوای چەند سەعاتێک لەو لێدوانە، لە راگەیەندراوێکدا روونکردنەوەی دا.

بەپێی راگەیەندراوەکە کە رۆژنامەی "هائارەتس" بڵاویکردووەتەوە، کاتز پاشگەز بووەتەوە و دەڵێت: "حکومەت نیازی نییە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون لە غەززە دروست بکات و بوونی لیوای ناحال لەوێ تەنیا بۆ مەبەستی ئەمنییە".

لێدوانەکانی پێشووی کاتز مشتومڕی زۆری لێکەوتەوە، چونکە پێچەوانەی لێدوانەکانی بنیامین ناتانیاهوو، سەرۆک وەزیران و بڕگەکانی پلانی دۆناڵد ترەمپ بوو بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە، کە جەخت لە کشانەوەی وردەوردەی سوپای ئیسرائیل دەکاتەوە.