لە حەلەب ئاگربەست راگەیەنرا و مەسەدەش داوا لە هەموو لایەنەكان و حكومەتی دیمەشق دەكات، كار بكەن بۆ پاراستنی هاووڵاتیان و چەسپاندنی ئاگربەست.

ئەنجومەنی سوریای دیموكرات "مەسەدە" راگەیەنراوێكی لەبارەی شەڕ و پێكدادانەكانی هەردوو گەڕەكی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە حەلەب بڵاوكردەوە و رایگەیاند، روداوەكە پێشێلكارییەكی رونی رێككەوتنەكانە و هەر جۆرە پێشێلكارییەكیش لەو رێككەوتنانە كاریگەری نەرێنی لەسەر هەموو هەوڵەكان دەبێت كە ئامانجیان چەسپاندنی ئارامی و رێگریكردنە لە دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی.

ئاماژەی بەوەشكردووە، داوا لە هەموو لایەنەكان بەتایبەتیش حكومەتی دیمەشق دەكات، پابەندی رێككەوتنە ئیمزاكراوەكان بێت و بەرژەوەندی باڵای نیشتمانیی سوریا لە پێشینەی كارەكانی بێت و بۆ پاراستنی هاووڵاتیان و چەسپاندنی ئاگربەست كار بكات.

ئاخین نوجان فەرماندەی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ لە گەڕەكەكانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی حەلەب لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ بە تەواوی پابەندن بە ئاگربەست و بەردەوامن لە كاركردن بۆ پاراستنی سەقامگیری و بەردەوام بەدوای چارەسەری ئاشتیانەدا دەگەڕێن.
ئێوارەی دوو شەممە لە گەڕەكەكانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود لە حەلەب، پێكدادانی قورس لەنێوان هێزەكانی ئاساییشی ناوخۆی رۆژئاوای كوردستان و گروپە چەكدارەكانی سەر بە وەزارەتی بەرگری سوریا رویدا و بەهۆیەوە ژنێك كوژرا و 17 هاووڵاتی تریش برینداربوون.