هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە راگەیەندراوێکدا ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە گوایە هێزەکانیان گەڕەکەکانی شاری حەلەبیان کردبێتە ئامانج و رایانگەیاند، "گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق" بەرپرسیارن لەو هێرشانە.

لە راگەیەندراوەکەی هەسەدەدا هاتووە، هێزەکانیان پێشتر و بەپێی رێککەوتنی 1ی نیسان، پێگەکانی خۆیان رادەستی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایش) کردووە و هیچ جموجوڵێکی سەربازییان لەو ناوچانەدا نییە.

هەسەدە جەخت دەکاتەوە کە بەرپرسیارێتییەکە دەکەوێتە ئەستۆی "ئەو گروپە پەرتەوازانەی سەر بە حکومەتی دیمەشق" کە لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا بە گەمارۆدانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە و ئەنجامدانی هێرشی بەردەوام، بە ئەنقەست قەیرانیان دروست کردووە.

هەسەدە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو موشەکانەی ئاراستەی گەڕەکەکانی حەلەب دەکرێن، لە پێگەی ئەو گروپانەوە هەڵدەدرێن و ئامانجیان "تێکدانی ئاسایش و نانەوەی پشێوییە".

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەو گروپانە بە بەکارهێنانی تانک و تۆپخانە هێرشەکانیان بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە چڕتر کردووەتەوە، کە ئەمەش "بەرزبوونەوەیەکی مەترسیدارە و هەڕەشە لە ژیانی هاووڵاتیانی مەدەنی و سەقامگیریی ناوچەکە دەکات".