روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ پێکدادانەکان بەشێوەیەکی توند لەنێوان هێزەکانی حکومەت و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایش) لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب دەستیپێکردووەتەوە و چەکی قورس بەکاردەهێنرێت.

بەپێی زانیارییەکانی روانگەی سوری، هێزەکانی حکومەت بە موشەکی هاوەن و دۆشکە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەیان کردووەتە ئامانج و شەڕی راستەوخۆ لە چەند میحوەرێکەوە بەردەوامە، ئەوەش دۆخێکی ترس و دڵەڕاوکێی لای دانیشتووانی ناوچەکە دروستکردووە.

روانگەی سوری ئاشکرایکردووە، بەهۆی بۆردومان و شەڕەکانەوە تا ئێستا 7 بریندار گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی "رازی" لە حەلەب، کە دووانیان کارمەندی بەرگریی شارستانین.

سەبارەت بە رەوشی رێگەوبانەکان، روانگەی سوری جەختی کردووەتەوە کە بەهۆی نیشانەشکێن و توندی شەڕەکەوە، ژمارەیەک رێگەی ستراتیژی لە شارەکە داخراون، لەوانە:

  • رێگەی غازی عەنتاب – حەلەب (لە دیوی بازنەی لێرامون).

  • رێگەی حەلەب – لێرامون.

  • رێگەی لێرامون – ناوچەی پیشەسازی.

  • رێگەی سریان – ئەشرەفییە.

  • رێگەی ناوچەی پیشەسازی – جەندول.

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ هۆشداری داوەتە هاووڵاتیان کە بەهۆی پچڕانی رێگەکانەوە، بەهیچ شێوەیەک بەرەو رێگەی "کەمپی حەندەرات" نەڕۆن، هاوکات ئاماژەی بەوەکردووە شەڕەکە تا ئێستا بەردەوامە و مەترسی فراوانبوونی زیاتری لێ دەکرێت.