دیمەشق و ئەنکەرە: دواكەوتنی تێكەڵبوونەوەی "هەسەدە" بە سوپای سوریا زیان بە ناوچەکە دەگەیەنێت
راهۆز
٢٢ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لە دیمەشق، وەزیرانی دەرەوەی سوریا و تورکیا رایانگەیاند، گفتوگۆی چڕیان لەبارەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی "10ی ئازار" و تێكەڵبوونەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) بە سوپای سوریا كردووە، هاوكات ئەنکەرە داوای هەڵوەشاندنەوەی "یاسای سیزەر" دەكات.
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا لە كۆنگرەكەدا ئاشکرایکرد، دوێنێ وەڵامێكیان لە "هەسەدە"وە بەدەستگەیشتووە سەبارەت بە جێبەجێكردنی رێككەوتنی 10ی ئازار و لە ئێستادا سەرقاڵی تاوتوێكردنی ناوەڕۆكی وەڵامەكەن، بەڵام جەختیكردەوە كە "تا ئێستا هیچ دەستپێشخەرییەكی جددی و ئیرادەیەكمان لەلایەن هەسەدەوە بەدی نەكردووە بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە".
شەیبانی هۆشداریدا لەوەی هەر دواكەوتنێك لە پرۆسەی تێكەڵبوونەوەی "هەسەدە" بە سوپای سوریا، كاریگەری نەرێنی دەبێت و "زوڵمە لە دانیشتووانی ناوچەکە".
لەلایەن خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی توركیا پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ تێكەڵبوونەوەی "هەسەدە" بە هێزەكانی سوریا و ئیدارەی دیمەشق لەڕێگەی دیالۆگەوە دووپاتكردەوە، بەڵام هاوڕابوو لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوریا كە "وا دەردەکەوێت هەسەدە هیچ نیەتێكی نییە بۆ بەرەوپێشچوون لە رێككەوتنەكەی 10ی ئازار".
لە بەشێكی دیكەی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا، وەزیری دەرەوەی توركیا ستایشی دۆخی ئێستای سوریای كرد و رایگەیاند: "ئیدارەی سوریا بە سەرۆكایەتی ئەحمەد شەرع، نموونەیەكی بەڕێوەبردنیان داناوە كە سەقامگیری و گەشەپێدانی لە وڵاتەكەدا بەدیهێناوە". ناوبراو داواشیكرد كار بە "یاسای سیزەر" رابگیرێت و هەڵبوەشێنرێتەوە، چونكە هەنگاوێكی لەو شێوەیە گرنگە بۆ راكێشانی وەبەرهێنان و سەقامگیری بۆ سوریا و ناوچەكە.
سەبارەت بە دۆخی ئەمنی، هەردوولا جەختیان لە هەماهەنگی هەواڵگری و ئەمنی و ستراتیژی نێوانیان كردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و رێگریكردن لە سەرهەڵدانەوەی رێکخراوی داعش.
لە كۆتاییدا، وەزیری دەرەوەی توركیا رەخنەی توندی لە ئیسرائیل گرت و رایگەیاند، پێویستە ئیسرائیل دەستبەرداری سیاسەتە فراوانخوازییەكانی بێت لە ناوچەكەدا.
ئەم کۆنگرەیە لە پاش سەردانی وەفدی باڵای تورکیا دێت بۆ سوریا و کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە.



