یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند، ئیسرائیل و یۆنان فشارێکی زۆر لە ئەمریکا دەکەن بۆ ئەوەی رێگری بکات لەوەی فڕۆکەی جەنگیی جۆری "ئێف-35" بەدەست ئەنکەرە بگات.

گولەر لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی "ستار"ـی تورکی وتی: "بەدڵنیاییەوە هیچ کێشەیەکمان نییە لە پرسی وەرگرتنی فڕۆکەی ئێف-16، بەڵام ئەولەویەتی ئێمە فڕۆکەی ئێف-35ـە، ئاگاداریشین کە ئیسرائیل و یۆنان هەوڵ دەدەن رێگری لە رادەستکردنی ئەو فڕۆکانە بە تورکیا بکەن".

وەزیری بەرگریی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا تیمێکی تایبەتمەندیان هەیە کە بەردەوام کار دەکەن بۆ لابردنی ئەو سزایانەی بەپێی یاسای "کاتسا"ی ئەمریکی بەسەریاندا سەپێنراوە، ئەوەش بەهۆی کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی "ئێس-400"ـی روسییەوە.

گولەر وتی: "باوەڕمان وایە تورکیا و ئەمریکا دەتوانن بگەنە چارەسەرێکی هاوبەش بۆ ئەو کێشانە".

هاوپەیمانیی ئیسرائیل و یۆنان مەترسی نییە:

سەبارەت بە نزیکبوونەوەی سەربازیی نێوان ئیسرائیل، یۆنان و قوبرس، وەزیری بەرگریی تورکیا جەختی کردەوە کە ئەو رێککەوتنانە مەترسی نین بۆ سەر ئەنکەرە و ئەوانیش رێککەوتنیان لەگەڵ زۆر وڵات هەیە، بەڵام هۆشداریدا لەوەی "بەپێی زانیارییەکان یۆنان دەیەوێت سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیلی لەو دورگانە جێگیر بکات کە دۆخی ناسەربازییان هەیە، ئەوەش پێچەوانەی یاسایە".

قەیرانی سەربازی لە یۆنان:

یەشار گولەر باسی لەوەشکرد، یۆنان بەهۆی ئەوەی ویست لەسەر پەیوەندیکردن بە سوپا و هێزی دەریاییەکەیەوە زۆر کەمە، پلانی داناوە تا ساڵی 2030 دەست بە سەربازکردنی ژنان بکات بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە.

جێی ئاماژەیە، کێشەکانی تورکیا و ئەمریکا لەسەر فڕۆکەی ئێف-35 دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2017، کاتێک ئەنکەرە گرێبەستی کڕینی سیستمی "ئێس-400"ی لەگەڵ روسیا ئیمزا کرد و ساڵی 2019 وەریگرت، ئەوەش نیگەرانیی واشنتۆنی لێکەوتەوە و داوای دەکرد تورکیا لەبری ئەوە سیستمی پاتریۆتی ئەمریکی بەکاربهێنێت.