رافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، ئاژانسەکەیان هیچ داتا و راپۆرتێکی لەلایەن ئێرانەوە بەدەست نەگەیشتووە سەبارەت بە دۆخی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو و ئەو زیانانەی بەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان کەوتوون لە دوای هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمریکا.

گرۆسی لە وەڵامی ئەوەی ئایا دوای هێرشەکان راپۆرتیان لە تارانەوە پێگەیشتووە، بە ئاژانسی هەواڵی "نۆڤۆستی" روسیای راگەیاندووە: "نەخێر، هیچمان بەدەست نەگەیشتووە".

پێشینەی روداوەکە:
شەوی 13ی حوزەیران، ئیسرائیل ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی کردە سەر ئێران و تارانی بە هەبوونی بەرنامەی ئەتۆمیی سەربازیی نهێنی تۆمەتبار کرد، هێرشەکە دامەزراوە ئەتۆمییەکان و زانایان و بنکە ئاسمانییەکانی گرتەوە.

دواتر و دوای 12 رۆژ لە ئاڵوگۆڕی هێرش لەنێوان هەردوو لا، شەوی 22ی حوزەیران ئەمریکا تێیدا و بۆ هاوکاری ئیسرائیل، بەشداریکردوو هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران. لە بەرامبەردا ئێران ئێوارەی 23ی حوزەیران بە موشەک وەڵامی دایەوە و بنکەی "عەدید"ی ئەمریکی لە قەتەر کردە ئامانج، بەڵام رایگەیاند لەگەڵ فراوانبوونی شەڕ و ئاڵۆزییەکان نییە.

مێژووی ململانێی ئاژانسی وزەی ئەتۆم و ئێران:

لە 20ی تشرینی دووەمی رابردودا، ئەنجومەنی پارێزگارانی ئاژانسی وزەی ئەتۆم بڕیارێکی دەرکرد و داوای لە ئێران کرد بەپەلە زیانەکان و دۆخی کۆگاکانی یۆرانیۆم ئاشکرا بکات، بەڵام تاران بڕیارەکەی بە "نابیناکەر و سیاسی" وەسفکرد و هەمان رۆژ بە رەسمی کۆتایی بە "رێککەوتنی قاهیرە" هێنا، کە مانگی ئەیلوول لەنێوان هەردوولا ئیمزا کرابوو.

تاران ئامادەیی نیشانداوە بۆ گفتوگۆ لەسەر رێککەوتنێکی نوێ، بەڵام مەرجی هەیە و دەبێت ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بڕیار لە شێوازی مامەڵەکە بدات.

ئەمە لەکاتێکدایە مانگی تەمموز تاران یاسایەکی دەرکرد کە هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسەکە سنوردار کرد و پشکنەرانی دەرکرد، سەرەڕای ئەوەش پشکنەرانی ئاژانسەکە لە سەرەتای تشرینی دووەم سەردانی وێستگەی بوشەهر و توێژینەوەی تارانیان کردووە، بەڵام رێگەیان پێ نەدراوە بچنە ئەو شوێنانەی لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆردومان کراون، بەتایبەت دامەزراوەکانی نەتەنز، ئەسفەهان و فۆردۆ.