ئەمریکا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند
بڵند
١٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا رایگەیاند، سزای نوێیان بەسەر ژمارەیەک کەشتی دا سەپاندوە، کە بە ناڕاستەوخۆ سەر بە ئێرانن و نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی ئەو وڵاتەیان بە شێوازێکی فریودەرانە گواستوەتەوە، ئاماژەیان بەوەشکردوە، بەردەوام دەبن لە دەستبەسەرداگرتنی داهاتی نەوتی تاران، کە بۆ دابینکردنی دارایی بەرنامە سەربازی و چەکدارییەکانی بەکاری دەهێنێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نووسینگەی کۆنتڕۆڵی داراییەکانی بیانی سەر بە وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا رایگەیاندوە، سزای نوێی بەسەر 29 کەشتی دا سەپاندوە کە بە ناڕاستەوخۆ سەر بە ئێرانن و بە گوێەری راگەیەندراوەکە سزاکان، کۆمپانیا بەڕێوەبەرەکانی پەیوەندیدار بەوانیش دەگرێتەوە کە بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار بەرهەمی نەوتیی ئێرانیان گواستووەتەوە.
ئاماژەیان بەوەشکردوە، لە نیو سزادراوەکاندا، حاتم ئەلسەید فەرید ئیبراهیم سەکر، بازرگانی میسڕیش دەگرێتەوە، کە کۆمپانیاکانی لەگەڵ حەوت لەو کەشتیانەدا کاری کردوە کە نەوتی ئێرانیان گواستوەتەوە.
لەبارەی ئەم سزایانەوە، جێگری وەزیری خەزێنە لە کاروباری تیرۆر و زانیارییە داراییەکانی ئەمریکا وتویەتی؛ هەروەک سەرۆک ترەمپ چەندین جار رایگەیاندووە، ویلایەتە یەکگرتووەکان رێگە بە ئێران نادات چەکی ئەتۆمی هەبێت و وەزارەتەکەیان بەردەوام دەبێت لە دەستبەسەرداگرتنی داهاتی نەوتی تاران، کە بۆ دابینکردنی دارایی بەرنامە سەربازی و چەکدارییەکانی بەکاری دەهێنێت.



