پزیشکیان: رازینابم بە ئێرانێکی لاواز و پارچەپارچەکراو
بڵند
١٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
مەسعود پزیشکیانی سەرۆک کۆماری ئێران، رایگەیاند، ئەورپا ئێرانێکی لاواز و پارچەپارچەکراوی دەوێت،بەڵام ئەو وەک ئێرانییەک ئەوەی قبوڵ نییە، جەختیشیکردەوە دەبێت یارمەتی لە پسپۆڕان و زانایان وەرگرن، راستە کێشەکانیان کەم نین، بەڵام دەتوانن پێکەوە چارەسەریان بکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە دیدارێکیدا لەگەڵ چالاکوانانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە پارێزگای خوراسانی باشوور، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، راستە کێشەکانیان زۆرن، بەڵام ئەگەر یەکگرتوو بن، بە وەرگرتنی یارمەتی لە پسپۆڕان و زانایانی وڵاتەکەیان دەتوانن چارەسەری بکەن.
پزیشکیان جەختیکردەوە، نابێت وا بیر بکەنەوە کێشەکانیان تەنها بە ئاشت بوونەوە لەگەڵ ئەوروپا و ئەمریکا چارەسەر دەبن و دەشڵێت: "ئەوان دەیانەوێت ئێمە واز لە پیتاندنی یۆرانیۆم بهێنین، موشەکمان نەبێت و بە هەموو ئەو شتانە رازی بین کە لە ناوچەکەدا بەسەرماندا دەسەپێندرێت".
پزیشکیان باسی لەوەشکردوە، رۆژئاوا ئێرانێکی لاواز و پارچەپارچەکراوی دەوێت، بەڵام ئەو وەک ئێرانییەک رازی نابێت بە ئێرانێکی لاواز و دابەشکراو و دەیەوێت؛ ئێران خاوەن هێز و سەربەرزی بێت، بۆ ئەوەش پێویستە هەوڵبدەن و کار بکەن بۆ گەیشتن بە ئێرانێکی بەهێز.



