تورکیا دەیەوێت لەرێگەی ئاشتییەوە رێککەوتن لەنێوان هەسەدە و دیمەشق ئەنجامبدرێت، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش دەڵێت؛ تورکیا نایەوێت جارێکی دیکە کردەوەی سەربازی بەرانبەر بە هەسەدە ئەنجام بدات.

هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، وڵاتەکەی نایەوێت جارێکی دیکە هێزی سەربازی دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەکاربهێنێت، بەڵام پێویستە هەسەدە ئەوە بزاننێت کە ئارامیی لایەنە پەیوەندیدارەکان خەریکە کۆتایی دێت.

وتیشی، پێویستە رێککەوتنی 10ـی ئازار جێبەجێبکرێت و هێزەکانی سوریای دیموکرات تێکەڵی سوپای سوریا ببن.

هاکان فیدان ئەوەشی خستەڕوو، هیوادارن کارەکانی نێوان هەسەدە و دیمەشق بە گفتوگۆ و بەشێوەیەکی ئاشتییانە بەڕێوەبچێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، هێزەکانی سوریای دیموکرات ئاشکرایکردووە سەرەڕای بەردەوامی گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی سوریا، تا ئێستا هیچ پێشکەوتنێکی راستەقینە لە ئاستی لێکتێگەیشتنە سیاسی و سەربازییەکانی نێوان هەردوولادا بەدی نەهاتووە.

جێگەی ئاماژەیە، مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هەسەدە، لە 10ـی ئازاری رابردوودا رێککەوتنێکی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا ئیمزایکرد، کە تێیدا هاتووە هەموو دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی سەر بە هەسەدە لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا لەناو دامەزراوە رەسمییەکانی دەوڵەتدا تێکەڵ بکرێن.