ئیسرائیل و میسر لە بواری وزەدا رێككەوتنێكیان ئیمزاكرد كە تاوەكو ساڵی 2040 بەردەوام دەبێت .

بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رێككەوتنی وڵاتەكەی لەگەڵ میسر لە بواری غازی سروشتیدا راگەیاند بە بەهای 35 ملیار دۆلار، وتیشی ئەم رێككەوتنە پڕۆژەیەكی نیشتمانییە و دواڕۆژی نەوەی داهاتوو دەپارێزێت و لەسەر ئاستی ئابوری و سیاسیش گرنگی خۆی هەیە.

ئیلی كۆهێن وەزیری وزەی ئیسرائیلیش رایگەیاند ،  دانوستانەكان بۆ گەیشتن بەم رێككەوتنە سەخت بوون و بۆ چەندین مانگ بەردەوام بوون .

ئەم رێككەوتنە لە كاتێكدایە كە ئەمریكا داوای لوتكەی سێ قۆڵی كردبوو لەگەڵ ئیسرائیل و میسر و لە ویلایەتی فلۆریدا، بەڵام سەرچاوەكان رایانگەیاند، میسر مەرجی پێشوەختەی هەیە بۆ ئامادەبوون لەو لوتكەیەدا و مەرجەكەش ئەوەبوو كە رێككەوتنی غازی نێوان میسر و ئیسرائیل ئەنجام بدرێت.