ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەیاسای بودجەی بەرگریی پەسەند کرد، کە رێگە بە دۆناڵد ترەمپ دەدات سزاکانی "یاسای قەیسەر" لەسەر سوریا هەڵبوەشێنێتەوە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ بوژانەوەی ئابووری ئەو وڵاتە دوای ساڵێک لە رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد.

لە دانیشتنەکەدا کە 77 ئەندام دەنگیان بە بەڵێ و 20 ئەندام دەنگیان بە نەخێر دا، پڕۆژەیاسای (NDAA) پەسەندکرا، کە تێیدا بڕگەیەک جێگیرکراوە بۆ کۆتاییهێنان بە کارکردن بە یاسای قەیسەر ساڵی 2019. ئێستا یاساکە رەوانەی نووسینگەی سەرۆک کراوە و ترەمپ 10 رۆژی لەبەردەمە بۆ ئیمزاکردنی.

لابردنی سزاکان دوای زنجیرەیەک گفتوگۆ و داواکاریی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی سوریا دێت، کە مانگی رابردوو لە کۆشکی سپی لەگەڵ ترەمپ کۆبووەوە و جەختی کردەوە کە مانەوەی سزاکان رێگرە لەبەردەم پرۆسەی بوژانەوەی سوریا.

جێگەی سەرنجە، یاسای قەیسەر لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی ترەمپدا ئیمزا کرابوو بە مەبەستی سزادانی بەشار ئەسەد و هاوپەیمانەکانی (روسیا و ئێران)، بەڵام ئێستا ئیدارەی ترەمپ و کۆنگرێس گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە بۆ راکێشانی وەبەرهێنانی دەرەکی، پێویستە سزاکان بە یەکجاریی لاببرێن.

بەپێی یاسا نوێیەکە، هەڵوەشاندنەوەی سزاکان بەبێ مەرجی قورس دەبێت، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا پابەند دەکرێت شەش مانگ جارێک راپۆرت بداتە کۆنگرێس سەبارەت بە بەرەوپێشچوونەکان لە دیمەشق، بەتایبەت لە پرسەکانی دەرکردنی شەڕڤانانی بیانی، پاراستنی مافی کەمینەکان و پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل.