عەباس عیراقچی: هێرشەکانی ئەمریکا زیانیان هەبوو، بەڵام توانای ئەتۆمی ئێرانیان لەناو نەبرد
بڵند
١٧ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پیتاندنی یۆرانیۆم مافێکی رەوای وڵاتەکەیەتی، هێرشەکانی ئەمریکاشی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانیان بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان ناوبرد.
لە میانی کۆنفرانسی رۆژنامەوانیدا لە روسیا، کە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی روسیا ئەنجامیدا، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەوان پابەندن بە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمی، لە هەمان کاتدا پیتاندنی یۆرانیۆمیشی بە مافی رەوای خۆیان دەزانن.
عیراقچی جەختیکردەوە ئەوان تا ئێستا هیچ پەیامێکیان بۆ ئەمریکا نەناردوە، بەمەبەستی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان، ئەگەر ئەمریکا ئامادەبێت لەسەر بنەمای رێزگرتن و یەکسانی ئەوان ئێرانیش ئامادەیە.
ئەوەشیخستەڕوو، ئێران هیچ کاتێک مێزی گفتوگۆی رەتنەکردوەتەوە و جێی نەهێشتوە، بە پێچەوانەوە ئەوە ئەمریکییەکان بوون، لە ناوەراستی گفتۆگۆکاندا هێرشیان کردە سەر ئێران و خیانەتیان کرد.
راشیگەیاند، هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان زیانی لێکەوتەوە، بەڵام نەیتوانی توانا ئەتۆمییەکانی تاران لەناوبەرێت.



