سەرچاوەکان: باراک و ناتانیاهۆ لەسەر سوریا گەیشتنە لێکتێگەیشتن و هێڵی سوور دیاریکرا
راهۆز
١٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
لەپاش زنجیرە هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا و بەشێک لە پێگە سەربازییەکانی ناوچەکە، سەرچاوەکان بە کەناڵی i24ـی ئیسرائیلییان راگەیاندووە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لەسەر دۆسیەی سوریا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن.
بەپێی زانیاری سەرچاوەکان، ئەمریکا و ئیسرائیل گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن سەبارەت بە بەردەوامی خواستی ئیسرائیل بۆ کارکردن لە سوریا، هەروەها بەردەوامی دانوستانەکان لەگەڵ سوریا لەبارەی رێککەوتنی ئەمنی نێوانیان.
یەکێک لە سەرچاوەکان دەڵێت: "ئێستا هەموو لایەک دەزانێت ئەرکی چییە." کەناڵەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە میانی کۆبوونەوەکەدا باراک هێڵی سووری بۆ ناتانیاهۆ دیاریکردووە سەبارەت بە چالاکییەکانی ئیسرائیل لە ناو خاکی سوریادا.
پێشتریش دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکدا نووسیبووی: "زۆر گرنگە ئیسرائیل گفتوگۆیەکی بەهێز و راستەقینەی لەگەڵ سوریا هەبێت، نابێت هیچ شتێک رووبدات رێگری لە گەشەکردنی سوریا بکات بۆ ئەوەی ببێتە وڵاتێکی خۆشگوزەران."
ترەمپ باسی لەوەشکردبوو، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی سوریا بە سەختی کار دەکات بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە لەوەی شتی باش روودەدات و سوریا و ئیسرائیل بەیەکەوە پەیوەندییەکی درێژخایەن و خۆشگوزەرانیان هەبێت.



