پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە) سەبارەت بە پرسی کورد، راپۆرتێکی ئامادەکردوە و ناڕەزایی توند دەردەبڕێت لە بەرانبەر خوێندن بە زمانی کوردی و بە قبوڵنەکراو ناوی بردوە، ئەمەش لە کاتێکدایە خوێندن بە زمانی کوردی یەکێکە لە داواکارییەکانی کوردی باکور لە تورکیا.

راپۆرتەكەی مەهەپە، كە لەلایەن دەوڵەت باخچەلییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت و بە دەستپێشخەری پڕۆسەی چارەسەری ناودەبرێت، داواكارییەكانی كورد لە باكوری كوردستان و پارتەكان بۆ خوێندن بە زمانی دایك رەت دەكاتەوە.

بەپێی زانیارییەكانی میدیای توركیا، مەهەپە جەختیکردوەتەوە لەوەی خوێندن بە زمانی دایك بە هیچ جۆرێك رێگەپێدراو نییە و پێیان وایە  دامەزراندنی دەوڵەتێكی یەكگرتووی فرەزمان لە كۆتاییدا دەبێتە هۆی ناكۆكی و دابەشبوون.

مەهەپە دوپاتیکردوەتەوە، کە زمانی دەوڵەت تەنها زمانی رەسمییە و  خوێندنیش بەو زمانە رەسمییە دەبێت، بیانوشیان بۆ ئەو قسەیە ئەوەیە لە وڵاتە پێشكەوتووەكانی جیهاندا، خوێندن بە زمانێكی بیانی یان بە زمانی دایك بوونی نییە و زمانی زانست و خوێندن زمانی رەسمییە.

لە راپۆرتەکەدا،  مەهەپە بەکارهێنانی زمانی دایکی لە ژیانی رۆژانەدا بە مافێکی رەوا داناوە، بەڵام کردن بە رەسمی و خوێندنی لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا بە هەموو سیوەیەک رەتکردوەتەوە و پێیان وایە دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی نەتەوەیی لە تورکیا.