ئیسرائیل کوژرانی "ئەندازیاری 7ـی ئۆکتۆبەر"ی راگەیاند؛ حەماس: ئیسرائیل ئاگربەستەکە لەناودەبات
راهۆز
١٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
سوپای ئیسرائیل بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی گشتی (شاباک)، کوشتنی رائد سەعد، یەکێک لە سەرکردە باڵاکانی کەتیبەکانی قەسامی لە شاری غەززە راگەیاند، حەماسیش دەڵێت ئامانجی ئیسرائیل هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی ئاگربەستە.
بەپێی راگەیەندراوێکی هاوبەشی بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیران و ییسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، بڕیاری کوشتنی رائد سەعد وەک وەڵامێک بووە بۆ تەقینەوەی بۆمبێک بە هێزێکی سوپادا.
سەرچاوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل رائد سەعد بە "پیاوی دووەم"ی قەسام و ئەندازیاری پلانی هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەر ناودەبەن و ئاماژە بەوە دەکەن، ناوبراو لە ماوەی رابردوودا سەرقاڵی رێکخستنەوەی ریزەکانی حەماس و بەرهەمهێنانی چەک بووە، ئەوەش دوای ئەوەی لە جەنگدا لە چەندین هەوڵی تیرۆرکردن رزگاری ببوو.
رادیۆی سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کردووە، نەتەنیاهۆ بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی ئەمریکا فەرمانی جێبەجێکردنی ئۆپراسیۆنەکەی داوە.
لە بەرامبەردا، بزوتنەوەی حەماس لە راگەیەندراوێکدا هێرشەکەی بە "پێشێلکارییەکی تاوانکاری" بۆ سەر رێککەوتنی ئاگربەست وەسفکرد و رایگەیاند: "ئەم تاوانە دەیسەلمێنێت کە ئیسرائیل بە ئەنقەست هەوڵی شکستپێهێنانی ئاگربەستەکە دەدات".
حەماس داواشی لە وڵاتانی نێوەندگیر و دەستەبەرکار (زامن) کردووە بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن و سنورێک بۆ پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل دابنێن.



