تەنها چەند رۆژێک دوای کودەتاکەی غینیا، ئەفریقا جارێکی دیکە هەژایەوە و بەیانیی ئەمڕۆ گرووپێک لە ئەفسەرانی سوپای (بنین) چوونە سەر شاشەی تەلەفزیۆن و کۆتاییان بە دەسەڵاتی سەرۆکی وڵات هێنا.

لە دیمەنێکدا کە لەم ساڵانەی دواییدا لە ئەفریقا زۆر دووبارە دەبێتەوە، بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 7-12-2025، کۆمەڵێک سەرباز لە تەلەفزیۆنی رەسمیی وڵاتەکەوە دەرکەوتن و راگەیەندراوی "لیژنەی سەربازی بۆ بنیاتنانەوە"یان خوێندەوە.

لە بەراگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەمڕۆ کۆبووینەوە و بڕیارماندا بە لابردنی پاتریس تالۆن لە پۆستی سەرۆک کۆمار و هەڵوەشاندنەوەی حکومەت".

سەرەڕای راگەیەندراوی سەربازەکان، دەوروبەری پاتریس تالۆن دەڵێن "سەرۆک لە شوێنێکی پارێزراوە و سوپا کۆنترۆڵی دۆخەکەی کردۆتەوە".

بەڵام باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە (کۆتۆنۆ)ی پایتەخت ئاشکرای کردووە، دەنگی تەقە لە سەربازگەی (گێزۆ) لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی بیستراوە و داوای لە هاووڵاتیانی فەرەنسی کردووە لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە.

پاتریس تالۆن، کە بازرگان و سیاسەتمەدارە، لە ساڵی 2016وە دەسەڵاتی گرتۆتە دەست و بڕیار بوو لە مانگی نیسانی داهاتوودا دوای 10 ساڵ لە حوکمڕانی، کورسییەکە جێبهێڵێت، بەڵام سوپا پەلەی کرد.

ئەم روداوە دوای چەند رۆژێک دێت لە کودەتایەکی هاوشێوە لە غینیا بیساو، کاتێک ئەفسەرێکی سوپا سەرۆک (عومەر سیسۆکۆ ئیمبالۆ)ی لەسەر کار لابرد، کە ئەمەش نیشانی دەدات شەپۆلی کودەتا سەربازییەکان لە رۆژئاوای ئەفریقا هێشتا کۆتایی نەهاتووە.