قالیباف بۆ وڵاتانی کەنداو: ئیرادەی ئێران لەسەر سێ دورگەکە تاقی مەکەنەوە
راهۆز
٧ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بە تووندی وەڵامی بەیاننامەی وڵاتانی کەنداو دەداتەوە و دەڵێت: "ئەو دورگانە پارچەیەکن لە جەستەی ئێران و ئامۆژگاری دراوسێکانمان دەکەین ئیرادەمان تاقی نەکەنەوە".
لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی ئێراندا، قالیباف لە وتارێکدا باسی لە مانۆڕە سەربازییەکانی سوپای پاسداران و کێشەی سێ دورگەکە (تومبی گەورە، تومبی بچوک و ئەبوموسا) کرد.
قالیباف بە زمانێکی هەڕەشەئامێز وەڵامی بەیاننامەی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی دایەوە کە خاوەندارێتی ئەو سێ دورگەیەیان بۆ ئیمارات گەڕاندبووەوە و وتی: "بە تووندی ئیدانەی ئەو بانگەشە بێ بنەمایانە دەکەین، ئەو سێ دورگەیە پارچەیەکن لە جەستەی ئێران و نابێت هیچ لایەنێک ئیرادەی گەلی ئێران بۆ پاراستنی خاکەکەی تاقی بکاتەوە".
داواشی لە حکومەتی وڵاتەکەی کرد لە بودجەی ساڵی داهاتوودا پارەی تایبەت بۆ ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدانی ئەو سێ دورگەیە تەرخان بکات.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ستایشی مانۆڕە دەریاییەکەی سوپای پاسدارانی کرد لە کەنداو و گەرووی هورمز و رایگەیاند، موشەکەکانیان بە وردی ئامانجەکانیان پێکاوە.
قالیباف وتی: "تەقاندنی موشەکی ورد بە مەودایەک کە لە درێژایی کەنداو زیاترە، جێگەی دڵخۆشییە و پەیامی هێزی ئێران دەگەیەنێت".



