ئەحمەد شەرع رایدەگەیەنێت: ئێستا سوریا لە باشترین رەوشەدا دەژی و لەسەر  ئاستی نێودەوڵەتی پێگەی بەهێز بووە.

ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا لە میانی بەشداریکردنی لە دیداری دەوحەی 2025 لە پایتەختی قەتەر رایگەیاند، سوریا لە ماوەی 60 ساڵی رابردوودا بە قۆناغی مەترسیداردا تێپەڕی و لە گۆشەگیرییەکی گەورە و گەمارۆیەکی ئابوری خنکێنەردا دەژیا، سیاسەتەکانی رژێمی پێشوو وایکرد زۆربەی لایەنە نێودەوڵەتییەکان پشت لە سوریا بکەن، لە رۆژانی ئاوادا خۆمان ئامادە دەکرد بۆ چوونە ناو دیمەشق، پاش ئازادکردن، سوریا زۆرێک لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی خۆی بەدەستهێنایەوە.

وتیشی، هەموو ئەو هەنگاوانەی دەیاننێن لە بەرژەوەندی سوریا و گەڕاندنەوەی رۆڵ و پێگەی گرنگی ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکەیەتی، بە شێوەیەک کە لە ناوچەیەکی هەناردەکاری قەیرانەکانەوە گۆڕا بۆ ناوچەیەک کە دەتوانێت نمونەی سەقامگیری ناوچەیی بێت.

شەرع ئاماژەی بەوەشکرد، جیهان بەڕووی سوریادا کراوەتەوە بۆ سود وەرگرتن لە پێگەی گرنگی و کاریگەری ناوچەییەکەی بۆ چەسپاندنی بناغەی سەقامگیری لە ناوچەکەدا، دەشڵێت؛ ئیسرائیل کار بۆ هەناردەکردنی قەیرانەکان بۆ وڵاتانی دیکە دەکات و لەو کۆمەڵکوژییانە رادەکات کە لە کەرتی غەززە ئەنجامی دەدات، هەموو شتێکیش بە ترسە ئەمنییەکان پاساو دەدات، لە کاتێکدا سوریا لە پاش ئازادکردنەوە پەیامی ئەرێنی ناردووە بۆ چەسپاندنی بناغەی سەقامگیری.

سەرۆکی سوریا ئەوەشی خستەڕوو، ئیسرائیل بە توندی وەڵامی سوریای دایەوە و زیاتر لە هەزار هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەری و 400 جار هاتوەتە ناو خاکی سوریاوە، کۆتا دەستدرێژییەکانیشی ئەو کۆمەڵکوژییە بوو کە لە شارۆچکەی بەیتی جەن لە گوندی دیمەشق ئەنجامی دا و بە دەیان کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.

ئاشکراشیکرد، ئەوان لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە لە ئاستی جیهاندا کاریگەرن کار دەکەن بۆ ئەوەی فشار بخەنە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی لەو خاکانە بکشێتەوە کە دوای 8ی کانوونی دووەمی 2024 داگیری کردوون.

ئەحمەد شەرع سەبارەت بە رێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل وتی، سوریا پێداگیری لەسەر پابەندبوونی ئیسرائیل بە رێککەوتنی جیاکردنەوەی هێزەکان لە ساڵی 1974 دەکات، داواکاری ناوچەی چەک داماڵراو دەربارەی چەندین پرسیار دێنێتە ئاراوە، کێ پارێزگاری لەو ناوچەیە دەکات، ئەگەر هێزی سوپای سوریا لەوێ نەبێت، راشیگەیاند، گفتوگۆ لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە، ئەمریکاش بەشدارە لەگەڵ ئەوان لەو گفتوگۆیانەدا، هەموو وڵاتان پشتگیری لە داواکاری ئەوان دەکەن بۆ کشانەوەی بۆ پێش 8ی کانوونی یەکەم.

"خەڵکی لە سوریا هەست بە ترس ناکەن، لەم رۆژانەدا ملیۆنەها کەس دەڕژێنە سەر شەقامەکان وەک دەربڕینی خۆشحاڵییان بە روخانی رژێمی لەناوچوو، سوریا ئەمڕۆ لە باشترین رەوشیدا دەژی، رژێمی لەناوچوو ناکۆکی زۆری بۆ ئەوان بەجێهێشت و تایفەکانی دژی یەکتر بەکاردەهێنا، بەڵام ئەوان لە سەرەتای شەڕی بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژییەوە باری لێبوردەیی و خۆشبوونیان زاڵ کرد بۆ ئایندەیەکی سەقامگیر و پارێزراو بۆ گەلی سوریا"، شەرع وا دەڵێت.