تۆم باراک،  نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، بۆ کاروباری سوریا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی نیشتمانی ئیمارات رایگەیاند، ئیدارەی ترەمپ بەدوای چارەسەرەوەیە بۆ پرسەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و  گۆرینی دەسەڵاتی ئێستای ئێران لە بەرژەوەندی ئیدارەکەی ترەمپدا نییە، بەڵکو ئامانی بەرەنگربونەوەی تیرۆرە.

باراک لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە شەڕی 12 رۆژەی ئەم دواییەی نێوان ئیسرائیل و ئێران  رایگەیاندوە  93 جار هەوڵی گۆڕینی دەسەڵات یان کودەتا لەلایەن ئەمریکاوە دراوە و هەموویان شکستیان هێناوە.

 ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمە پرسێکە بۆ ئیسرائیل نەک ئەمریکا و جێهێشتنی ئەم بابەتە بۆ ناوچەکە مانای خۆی هەیە، بەڵام ئەو پێیوایە  چیرۆکی ململانێی نێوان ئیسرائیل و ئێران کۆتایی نەهاتوە.

لەبەرەی هەنگاوەکانی ترەمپ بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی 12ڕۆژەش،  بە "مێژوویی و سەرسوڕهێنەر" وەسفی کردوە، جەختیکردوەتەوە لەوەی سەرۆکی ئەمریکا ئامانجی "گۆڕینی ڕژێم" نەبووە.

تۆم باراک دەشڵێت؛ ترەمپ پێشوازی لە دانوستانەکانی "راستەقینە" لەگەڵ ئێران دەکات بەو مەرجەی تاران گوێ لە نیگەرانییەکانی واشنتۆن بگرێت سەبارەت بە دەوڵەمەندکردن و دەستبەرداربون لە پشتیوانیکردنی گروپەکانی بە وەکالەت.

باراک جەختیشیکردوەتەوە، تاران ناتوانێت سەرۆکی ئەمریکا رابکێشێت بۆ دانوستانێکی درێژخایەن و بێ ئەنجام،  ترەمپ زۆر لەوە زیرەکتر و هۆشیارترە، کە رێگە بە تاران بدات بە کەڵک وەرگرتن لە تاکتیکی دواخستن یان دروستکردنی گفتوگۆی ساختە بۆ درێژەدا بە سووڕی توندوتیژی بە وەکالەت.

بە وتەی ناوبراو، حکومەتی ئەمریکا بەدوای چارەسەری خێرای قەیرانی ناوچەکەدا دەگەڕێت، بەڵام ئەم رێگایە تەنیا کاتێک دێتە دی، کە تاران دەستبەرداری پشتیوانییەکانی بێت بۆ گروپە بە وەکالەتەکانی لە ناوچەکەدا و بچێتە ناو وتووێژی جددی و پابەند بێت پێیەوە.