ئاژانسی رۆیتەرز: ماهیر ئەسەد لە پشت خۆپیشاندانەکانی سوریاوەیە دژی حکومەتی کاتی دیمەشق
بڵند
٥ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
دوای تێپەربونی ساڵێک بەسەر روخانی دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەددا و هەڵاتنی بۆ روسیا، ئاژانسی رۆیتەرز راپۆرتێکی بڵاوکردوەتەوە و ناوەڕۆکی راپۆرتەکە باس لەوە دەکات، بەشار ئەسەد خۆی لەگەڵ ژیانی پەنابەریدا راهێناوە، بە پێچەوانەوە ماهیری برای ژیانی پەنابەری قبوڵ نییە و لە هەوڵی بەدەستهێنانەوەی هێزدایە لە سوریا و بیرۆکەی لەدەستدانی دەسەڵاتی قبوڵ نەکردووە .
بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز کە ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردوەتەوە، لەسەر بنەمای بەڵگە و ئاڵوگۆڕی نامەی دەنگی و چاوپێکەوتن لەگەڵ 48 کەس کە زانیاری راستەوخۆیان لەسەر ئەو بابەتە هەبووە، دەرکەوتووە کە بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشوی سوریا خۆی گونجاندوە لەگەڵ ژیان کردن لەدەرەوەی وڵات .
ئاژانسەکە لەزاری چوار کەسی نزیک لەو بنەماڵەیە دەڵێت؛ ماهیری برای بەشار ئەسەد بیرۆکەی لەدەستدانی دەسەڵاتی قبوڵ نەکردووە و دوو لە کەسە نزیکەکانی ئەسەد، ژەنەراڵ کەمال حەسەن و رامی مەخلوف ئامۆزا ملیاردێرەکەی بەشار، هەوڵی پێکهێنانی میلیشیا لە ناوچەی کەناراوەکانی سوریا و لوبنان دەدەن، کە لە ئەندامانی عەلەوی پێکهاتوون و بەپێی زانیارییەکان، ئەو دوو کەسە لە هەوڵێکدا بۆ دەستەبەرکردنی دڵسۆزییان، پارەی زیاتر لە 50 هەزار چەکدار دابین دەکەن.
ئەو چوار کەسە ئاماژەیان بەوەشکردووە، ماهر ئەسەد کە هاوکات لە مۆسکۆ نیشتەجێیە و تا ئێستاش فەرماندەیەکی دڵخوازی هەزاران سەربازی پێشوە، بەڵام تا ئێستا هیچ فەرمانێکی دەرنەکردوە بۆیان.
لە درێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە؛ دوای دەربەدەربوونیان لە مۆسکۆ، ئەسەد و براکەی هەوڵدەدەن سوریایەکی دابەشکراو ببینن، بەدوای کۆنترۆڵکردنی ناوچە زۆرینە عەلەوییەکانەوەن و بۆ ئەو مەبەستەش ملیۆنان دۆلاریان بۆ بنیاتنانی گروپە چەکدارە دڵسۆزەکانیان خەرج دەکەن.
رۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەمالەی ئەسەدەوە پشتراستی کردوەتەوە، ئەو خۆپیشاندانانەی لە ناوچەکانی عەلەوی دەکرێن و رەتیدەکەنەوە بچنە ناو حکومەتی ئێستای سوریاوە، دەستی ماهیر ئەسەدی برای بەشار ئەسەدی لەپشتەوەیە و ئەو یاریزانی سەرەکییە لە هەوڵەکان بۆ هاندان و خۆپیشاندن دژی حکومەتی ئێستای سوریا.



