ناوەڕۆكی سەردانی وەفدی كۆمیسیۆنی ئاشتی پەرلەمانی توركیا بۆلای ئۆجەلان لە پەرلەمانی توركیا خوێنرایەوە
٥ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
پوختەی كۆنوسی سەردانی وەفدی كۆمیسیۆنی ئاشتی پەرلەمانی بۆ لای عەبدوڵا ئۆجەلان لە پەرلەمانی توركیا خوێندرایەوە، ئۆجەلان دەڵێت، لەبارەی پرۆسەی ئاشتی و چەكدانان لەسەر بەڵێنەكانی خۆمم.
بەپێی كۆنوسی كۆمیسیۆنی ئاشتی پەرلەمانی توركیا عەبدوڵا ئۆجەلان وتویەتی، لە سەرەتای پرۆسەكەوە لەسەر ئەو بەڵێنانە بووە كە داویەتی و ئەگەر هەلومەرج لەبار بێت توانای تیۆری و كرداری هەیە بۆ جێبەجێكردنی، بە درێژی باسی لە پاشخانی مێژوویی كردووە و جەختی لە گرنگیی برایەتیی تورك و كورد كردوەتەوە.
عەبدوڵا ئۆجەلان رایگەیاندووە، وازی لە شێوازی چەكداری هێناوە و شێوازی سیاسیی گرتووەتەبەر و بانگەوازی 27ی شوبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەموو پێكهاتەكانی پەكەكە و دانانی چەك لەلایەن كۆمەڵگەوە پێشوازیی لێكراوە و خەڵك چاودێریی ئەم پێشهاتە دەكات و لە سوریا و عیراقیش كاریگەریی هەیە.
كاتێك پرسیاریشی لێكراوە لەبارەی مەزڵوم كۆبانێی وتویەتی، كەسێكی نزیكی خۆیەتی.



