فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریكا، پێكهێنانی هێزێكی نوێی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست راگەیاند كە تایبەتە بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی هێرشبەری خۆكوژ.

ئەم هێزە درۆنییە بە ناوی "پێوەدانی دووپشکە" كە بە تێچووی كەم و مەودای دوور و توانای كاركردنی ئۆتۆماتیكی ناسراوە و دەكرێت لەسەر ئۆتۆمبێل و سەكۆی جیاوازەوە هەڵبدرێت.

ئەم بڕیارە چوار مانگ دوای فەرمانی پیت هیگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریكا دێت بۆ خێراكردنی گەیاندنی تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو بە سەربازەكان لە مەیدانی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بڕاد كوپەر، فەرماندەی ناوەندی سوپای ئەمریكا دەڵێت، ئەم هەنگاوە وەك چەكێكی بەرپەرچدانەوە بەكاردەهێنێت دژی نەیارەكان و بەشێكە لە هەوڵە بەردەوامەكانی ئەمریكا بۆ گۆڕینی شێوازی جەنگ و پشت بەستن بە چەكی زیرەك و هەرزان، بەو پێیەی دەتوانن وەك موشەكی كروز كار بكەن و بە وردی ئامانجەكان بپێكن.