دەم پارتی ئەنجامی دیدارەكەی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان راگەیاند
راهۆز
٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
دەمپارتی وردەکاریی دیدارە چوار سەعاتییەکەی ئیمڕاڵی بڵاوکردەوە
وەفدی ئیمڕاڵی سەر بە دەم پارتی، ناوەڕۆکی دیدارەکەی ڕۆژی ڕابردووی خۆیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، ناوبراو هۆشداریداوە لە هەوڵەکان بۆ تێکدانی قۆناغی چارەسەری و داوای دەرکردنی "یاسای ئاشتی" کردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی دەم پارتی، دیدارەکە لە ڕۆژی 2ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ لە ئیمڕاڵی ئەنجامدراوە و نزیکەی چوار کاتژمێری خایاندووە. لە کۆبوونەوەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ ئەنجامە ئەرێنییەکانی کۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردووی لیژنەی پەرلەمانی تورکیا کراوە.
هۆشداری لە "میکانیزمی کودەتا"
لەبارەی دژایەتیکردنی قۆناغی ئێستا، ئۆجەلان ئاماژەی بەوە کردووە کە "هەوڵی سابۆتاژ" هەیە و ئەمەی بە "میکانیزمی کودەتا" ناوبردووە. ئۆجەلان وتوویەتی: "ئەمە تەنها کودەتایەکی کلاسیکی نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی مەترسیدار و ناسک دژی هەر هەنگاوێک کە بۆ پێشخستنی پرۆسەکە دەنرێت."
پێشنیاری "یاسای ئاشتی"
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە دیدارەکەدا چارەسەری دۆخەکەی بە دەرکردنی یاسایەک بەستووەتەوە و وتوویەتی: "لە ڕێگەی دەرکردنی یاسایەکی ئاشتی کە پشت بە یاسایەکی تایبەت و گشتگیر ببەستێت، توندوتیژی سیاسی و دەستێوەردانی نا-دیموکراتی لە ڕۆژەڤی تورکیا نامێنێت. دەتوانین ناوی ئەمە بنێین 'یاسای پەڕینەوە بۆ سەدەی ئاشتی'."
بەشداریکردنی کورد لە کۆماردا
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئۆجەلان جەختی کردووەتەوە کە ئەم قۆناغە بریتییە لە "بەشداریکردنی کورد لە کۆماردا لە ڕێگەی یاساوە و بونیادنانی کۆمارێکی دیموکراتیک بە بەرفراوانترین یەکێتیی کۆمەڵایەتی."
لە کۆتاییدا ئۆجەلان پەیامی ئەوەی داوە کە خاوەنی ئیرادەیەکی بەهێز و هەڵوێستێکی پێداگرە بۆ سەرخستنی ئەو قۆناغەی کە لە ئارادایە و داوای لە هەموو لایەنە سیاسییەکان کردووە بە شێوەیەکی یەکگرتوو مامەڵە لەگەڵ کێشە سیاسییەکاندا بکەن.



