سوریا و ئیسرائیل گرفتەکانیان لەسەر جۆلان دەستپێدەکاتەوە
راهۆز
٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
بڕیارێکی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دۆسیەی بەرزاییەکانی جۆلانی وروژاندەوە؛ لەکاتێکدا دیمەشق جەخت دەکاتەوە سازش لەسەر خاکەکەی ناکات، تەل ئەبیب بە راشکاوی دەڵێت "نە ئێستا و نە هیچ کاتێک" ناگەڕێنەوە بۆ سنورەکانی پێش نیو سەدە.
وەزارەتی دەرەوەی سوریا پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەمڕۆی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، کە داوای لە ئیسرائیل کردووە لە بەرزاییەکانی جۆلان بکشێتەوە و داگیرکارییەکەی بە "نایاسایی" وەسف کردووە.
لە بەیاننامەکەدا سوریا ئاماژەی بەوە کردووە، زیادبوونی ژمارەی ئەو وڵاتانەی دەنگیان بە بڕیارەکە داوە لە 97 وڵاتەوە لە ساڵی رابردوودا بۆ 123 وڵات لەمساڵدا، پەیامێکی رونی پشتیوانییە بۆ سوریا و پێداگرییە لەسەر ئەوەی جۆلان خاکێکی داگیرکراوە.
وەزارەتی دەرەوەی سوریا خاڵێکی گرنگی روونکردەوەتەوە و دەڵێت: "چوونە ناو گفتوگۆی جددی سەبارەت بە پرسە تەکنیکییەکان و ئەوانەی پەیوەستن بە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، بەو مانایە نییە کە ئێمە دەستبەرداری ئەوە بووبین جۆلان خاکێکی سورییە."
لە بەرامبەردا، دانی دانۆن، نوێنەری ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە توندی بڕیارەکەی رەتکردەوە و جۆلانی بە "هێڵێکی بەرگریی زیندوو" وەسفکرد بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی ئیسرائیل.
دانۆن نەتەوە یەکگرتووەکانی تۆمەتبار کرد بەوەی "لە واقیع دابڕاون"، چونکە داوای کشانەوە دەکەن لەکاتێکدا بە وتەی ئەو "میحوەری ئێران" و گروپە چەکدارەکان لە سوریا هەڕەشەن.
نوێنەرەکەی ئیسرائیل لە پلاتفۆرمی (X) دوا قسەی خۆی کرد و نووسیویەتی: "ئیسرائیل نە دەگەڕێتەوە بۆ سنورەکانی 1967 و نە دەستبەرداری جۆلان دەبێت؛ نە ئێستا و نە هیچ کاتێکی دیکە."



