رۆبیۆ: ترەمپ تاکە سەرکردەیە بتوانێت کۆتایی بە "قەیرانی سودان" بهێنێت
راهۆز
٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
دۆسیەی سودان دەچێتە قۆناغێکی نوێوە؛ دۆناڵد ترەمپ بەڵێن دەدات "بە شەخسی" کۆتایی بە خوێنڕشتن لەو وڵاتە بهێنێت و وەزیرەکەشی دەڵێت، جگە لە ترەمپ هیچ سەرکردەیەک ناتوانێت ئەو گرێیە بکاتەوە.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی سێشەممە رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا "بە شەخسی" سەرپەرشتی دۆسیەی کۆتاییهێنان بە جەنگی سودان دەکات. روبیۆ بە راشکاوی وتی: "ترەمپ تاکە سەرکردەی جیهانە کە توانای ئەوەی هەبێت کۆتایی بە قەیرانی سودان بهێنێت".
هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانی ئەمریکا، ئیڤێت کوپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە پلاتفۆرمی (X) نووسیویەتی، دۆخی سودان پێویستی بە پاڵپشتی و پاڵنەرێکی جیهانی هەیە بۆ چەسپاندنی ئاشتی.
مانگی رابردوو ترەمپ ئاشکرای کردبوو کە کار لەگەڵ ئیمارات، سعودیە و میسر و هاوبەشەکانی دیکەی ناوچەکە دەکات بۆ راگرتنی ئەو جەنگە.
لە کۆنفرانسێکدا لە ئەمریکا، ترەمپ ئاماژەی بەوە کردبوو کە محەمەد بن سەلمان، جێنشینی سعودیە داوای لێکردووە هاوکارییان بکات بۆ وەستاندنی ناکۆکییەکان. ترەمپ بە شانازییەوە وتبووی "پێشتر 8 جەنگم کۆتایی پێهێناوە و ئەمجارەش بەدوای رۆڵێکی یەکلاکەرەوەدا دەگەڕێم".
ترەمپ دۆخی ئێستای سودانی بە "توندوتیژترین شوێن" و گەورەترین قەیرانی مرۆیی لە جیهاندا وەسفکردبوو، جەختیشی کردەوە کە سەرکردە نێودەوڵەتییەکان داوایان لێکردووە نفووزی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەکاربهێنێت بۆ وەستاندنی ئەو دۆخە.
مەسەد بولس، گەورە راوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عەرەبی و ئەفریقی، دووپاتی دەکاتەوە کە ترەمپ ئاشتی سودانی کردووەتە ئەولەویەتی کارەکانی.
مەیدانی جەنگ؛ ئاگربەستی یەک لایەنە و رەتکردنەوەی پلان
لەسەر ئاستی مەیدانی، مانگی رابردوو هێزەکانی پشتیوانی خێرا (دعم السریع) ئاگربەستێکی مرۆیی یەک لایەنەیان بۆ ماوەی 3 مانگ راگەیاند، ئەمەش دوای ئەوەی عەبدولفەتاح بورهان، فەرماندەی سوپای سودان پێشنیازێکی نێودەوڵەتی بۆ ئاگربەست رەتکردەوە.
محەمەد حەمدان دەقلو، فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە تۆمارێکی دەنگیدا وتی: "پابەند دەبین بە ئاسانکاری بۆ گەیشتنی تیمە تەندروستی و فریاگوزارییەکان بۆ کەمکردنەوەی ئازاری سودانییەکان". هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە بەدەر لە "ئیخوان و بزوتنەوەی ئیسلامی"، رازین بە بەشداریکردنی هەموو لایەنەکان لە پرۆسەی سیاسی سوداندا.
ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە دێن کە عەبدولفەتاح بورهان، فەرماندەی سوپای سودان نێوەندگیری "وڵاتانی چوارقۆڵی" رەتکردەوە بۆ چارەسەری قەیرانەکە کە لە نیسانی 2023ـەوە دەستیپێکردووە.
بورهان ئەو پلانەی بە "خراپترین پێشنیاز" وەسفکرد، چونکە بە وتەی ئەو "بوونی هێزە چەکدارەکان دەسڕێتەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەزگا ئەمنییەکان دەکات، لە بەرامبەردا میلیشیا یاخیبووەکان لە ناوچەکانی خۆیان دەهێڵێتەوە".



