لە دەریای رەش هێرشكرایە سەر كەشتییەكی بازرگانی و نەتەوە یەكگرتووەكانیش داوای راگرتنی ئەو هێرشانە دەكات.

وەزارەتی گواستنەوە و ژێرخانی توركیا رایگەیاند، كەشتییەكی بازرگانی بە ناوی "مێدڤۆلگا 2" لە دەریای رەش لە دوری 80 كیلۆمەتر لە كەناراوەكانی توركیاوە كراوەتە ئامانج.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو كەشتییە لە روسیاوە بەرەو جۆرجیا رۆیشتووە و تائێستاش لە جوڵە نەوەستاوە و بەرەو بەندەری سینۆبی توركیا دەچێت و ژمارەی تیمی كەشتییەكەش 13 كەسن و تائێستا داوای هاوكارییان نەكردووە و هیچ لایەنێكیش بەرپرسیارێتی لە هێرشەكە رانەگەیاندووە.

ستیڤان دوجاریك وتەبێژی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاندبوو، نیگەرانن لەو هێرشانەی لە دەریای رەش دەكرێنە سەر كەشتییە بازرگانییەكان و پێویستە بە زووترین كات رابگیرێن.