وەزارەتی وزەی ئێران: بارانبارین بەڕێژەی 84% كەمبووەتەوە
لاڤە
١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
وەزارەتی وزەی ئێران رایدەگەیەنێت، بارانبارین بەڕێژەی زیاتر لە 80% كەمبووەتەوە و رووبەڕووی بەهێزترین وشكەساڵی بونەتەوە لە ماوەی شەش دەیەدا.
بەپێی ئەو داتایانەی وەزارەتی وزەی ئێران بڵاویكردووەتەوە، ئەمساڵ خراپترین ساڵە لەڕووی كەمئاوییەوە لە ماوەی 60 ساڵدا، رێژەی باران بارینیش 84% كەمبووەتەوە، لە كاتێكدا ساڵی رابردوو رێژەكە 83% بوو.
وەزارەتەكە راشیگەیاندووە، لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمەوە تا ئەم مانگە تەنها 5.6 میلیمەتر بارانباریوە، لە سەرەتای وەرزی بارانبارینی ئەمساڵیشەوە لە 10 پارێزگای وڵاتەكە هیچ باران نەباریووە، لە 10 پارێزگای دیکەش بارانبارین 90% بۆ 99% كەمبووەتەوە، هەروەها هەشت پارێزگا چوونەتە چوارچێوەی ئاگاداركردنەوەی سورەوە، بەهۆی كەمبوونەوەی باران و ئاوەوە.
لە رۆژئاوای ئێرانیش، لە پارێزگای ئیلام تەنها 39.9 میلیمەتر باران باریوە و بەڕێژەی 47% دابەزیوە و لە پارێزگاكانی وەك فارس، كرمان، سیستان و بلوچستان و ئەسفەهان و تاران و هەمەدان و ئەلبورز، كەمبوونەوەی باران گەیشتووەتە نزیكەی 100%.
ئەو ئامارانەش لەكاتێكدایە، كە شەشەم ساڵە ئێران رووبەڕووی وشكەساڵی بووەتەوە، هۆشدارییەكانیش سەبارەت بە كاریگەرییەكانی وشكەساڵییەكە لەسەر كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكان زۆربوون و رێنمایی بە هاووڵاتیان دراوە سەبارەت بە بەكارهێنانی ئاو.



