ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆکایەتی ئیسرائیل رایگەیاند، بۆ یەکەمجار ناتانیاهۆ بە رەسمی داوایکردوە لێی خۆشببن لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا، ئەم هەواڵە کاردانەوەی لەناو ئیسرائیلدا لێکەوتەوە و نەیارەکانی ناتانیاهۆ و نزیکەکانی بۆچونی جیاوازیان هەیە.

دوابەدوای هەواڵەکە یایر لاپید، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل رایگەیاند، بۆ ئەوەی سەرۆکایەتی وڵات لە ناتانیاهۆ خۆشبێت، پێویستە دان بەتاوانەکانیدا ببنێت و خانەنشین بێت.

هەروەها  سەرۆکی پارتی ئیسرائیل بەیتینوش کە نەیارێکی تری ناتانیاهۆیەوە، ئاماژەی بەوەکردوە،  ئەوەی نەتانیاهۆ کردی داوای لێبوردن نەبوو، بەڵکو رەشبگیری بوو لە رێگەی هەڕەشەوە.

بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیلیش پشتگیری کردوە و رایگەیاندوە؛ هەرکەسێک بەدوای دادگاییکردنی ناتانیاهۆدا بگەڕێت، دەزانێت دۆسیەکەی هیچی لەسەر نییە و تۆمەتەکان بێ بنەمان، لێبوردنیش بۆی دەبێتە هۆی چاککردنەوەی ئەو کەلێنەی کە لە ناو گەلی ئیسرائیلدا دروستی کردوە.

ئەمە لەکاتێکدایە لە پەیامێکی  ڤیدیۆیدا، ناتانیاهۆ رایگەیاندوە؛ لە بەرژەوەندی کەسی خۆیدایە، کە رێوشوێنە یاساییەکان تا کۆتایی تەواو بکات بۆ بەدەستهێنانی بێتاوانی، بەڵام "واقیعە سەربازی و نیشتمانییەکان و بەرژەوەندی نیشتمانی بە پێچەوانەوە بڕیار دەدەن"، ئاماژەی بەوەشکردووە؛ دادگاییکردنی بەتۆمەتی گەندەڵیی دەبێتە هۆی دووبەرەکی لە وڵاتەکەدا و داوایکرد سەرۆکی وڵاتەکەی لە تۆمەتەکانی خۆشبێت.