ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی حەماس: پرسی چەكدانان بەتەنیا پەیوەندی بە ئێمەوە نییە
سەعید سەروەت
١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی حەماس رەتیدەكاتەوە بەڕوونی وەڵامی پرسیاری چەكدانانی بزوتنەوەكە بداتەوە.
محەمەد نیزاڵ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماسلە وەلامی پرسیارێكی ئاژانسی رۆیتەرز لەبارەی چەكدانانی هێزەكانیان وتی ، ناتوانم بە بەڵێ یان نەخێر وەڵامی ئەو پرسیارە بدمەوە ، لەبەرئەوەی ئەوبابەتە بەتەنیا پەیوەندی بە بزوتنەوەكەوە نییە، چونكە لە غەززەشدا گروپی تری چەكدار هەیە.
راشیگەیاند، حەماس دەیەوێت لەسەر خاكی غەززە لەژێر سەرپەرشتیاری ئیدارەیەكی تەكنۆكرات لە قۆناغی راگوزەردا بوونی هەبێت، وتیشی، بوونی بزوتنەوەكە گرنگە بۆ پاراستنی كاروانی هاوكاریە مرۆییەكان لە چەتە و گروپە چەكدارەكان.
باسی لەوەشكرد، بزوتنەوەكە جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی دەكاتەوە دوای كۆتایهاتنی قۆناغی راگوزەر، خوازیاریشە ئاگربەست لانیكەم سێ بۆ پێنج ساڵ بخایەنێت و كار بۆ ئاوەدانكردنەوەی كەرتی غەززە بكرێت، نەك ئامادەكاری بۆ شەڕی داهاتوو.



