ترەمپ: بەم نزیکانە رێککەوتنی ئیبراهیمی فراوانتر دەبێت
بڵند
١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، هیوا دەخوازن سعودیە پەیوەستبێت بە هاتنە ناو رێککەوتنەکانی ئەبراهام و جەختیشیکردەوە بەم نزیکانە رێککەوتنەکە فراوانتر دەبێت .
ئەمڕۆ هەینی، سەرۆکی ئەمریکا بە کەناڵی فۆکس نیوزی راگەیاندووە؛ بەم زووانە ئاگاداری فراوانکردنی رێککەوتنامەی ئیبراهیمی دەبن، ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر سعودیە پەیوەندی بە رێککەوتنامەکەوە بکات بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، ئەوا وڵاتانی دیکەش بەشداری دەکەن.
پێشتریش ترەمپ رایگەیاندبوو، چەند وڵاتێکی دیکەش ئامادەییان دەربریوە بۆ هاتنە ناو رێککەوتنەکە، ژمارەیەکی تریش خواستیان هەیە بۆ هاتنە ناوی.
رێكکەوتننامەی ئیبراهیم یان رێككەوتننامەكانی ئیبراهیم، گەرچی مێژوەکەی زۆر کۆنە، بەڵام ەل ساڵی 2020وە بە جدی کاری تێدادەکرێت و کۆمەڵێک رێکكەوتننامەی دیپلۆماسییە، کە لەنێوان ئیسرائیل و ژمارەیەك وڵاتی عەرەبی و موسڵمان ئیمزا کراوە
ئەو رێکكەوتننامانە بە شێوەیەکی رەسمی پەیوەندیی دیپلۆماسیی نێوان ئەو وڵاتانە و ئیسرائیلی ئاسایی کردەوە، کە زۆربەیان لەدوای سەرهەڵدانی شەڕی عەرەب - ئیسرائیلەوە، دانیان بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا نەنابوو یاخود یان پەیوەندیی دیپلۆماسییان لەگەڵدا نەبوو.
ڕێکكەوتننامەكە سەرەتا لە 15ی ئابی 2020دا لەنێوان ئیسرائیل و ئیمارات راگەیەندرا، دواتر لە 15ی ئەیلەولی 2020دا، رێکكەوتننامەکان بەفەرمی لە کۆشکی سپی لە واشنتۆن ئیمزا کران و دواتر بەحرەین چووە ناو ئەو رێکكەوتننامەیە و لە دواییشدا سوودان و مەغریب بەشدارییان کرد و سعودیەش بەڵێنی بەشداریکردنی داوە، بەڵآم تا ئێستا بە رەسمی رای نەگەیاندوە.



