ئەردۆغان داوا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی دەکات مۆڵەتی ئۆپراسیۆنە دەرەكییەكان لەناو خاكی عیراق و سوریا درێژبكاتەوە
بڵند
١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، بەبیانوی ئەوەی لەسەر سنورەکانی وڵاتەکەی هەڕەشەکانی تیرۆر کۆتایی نەهاتووە، داوا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی دەکات، بۆ سێ ساڵی تر مۆڵەتی رەوانەكردنی هێز و ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی لە عیراق و سوریا درێژبكرێتەوە.
بەبیانوی ئەوەی تا ئێستا سەقامگیری هەمیشەیی مسۆگەرنییە، ئەردۆغان یاداشتێکی بە ئیمزای خۆی رەوانەی پەرلەمانی وڵاتەکەی کردوە، کە ناوەڕۆکەکەی بریتییە لە درێژکردەنەوەی ماوەی یۆپراسیۆنی هێزەکانیان لە رۆژئاوا و باشوری کوردستان، داواش دەکات دەنگی پێبدەن.
لەبەشێکی یاداشتەکەی سەرۆککۆماری تورکیادا باسی لەوەکردوە؛ لە سنورییەكانی باشوری وڵاتەکەی هەڕەشەی تیرۆر بەردەوامە و سەقامگیریی هەمیشەیی مسۆگەر نەکراو و ئەمەش هەڕەشە بۆسەر ئاسایشیی نیشتمانی دروست دەکات.
لەبارەی رۆژئاواشەوە ئاماژەی بەوەداوە، پەیەدە و یەپەگە بەهۆی ئەجێنداکانیانەوە، هیچ هەنگاوێک نانێن بۆ بەشداریکردن لە ئیدارەی ناوەندیی سوریادا و رێگری لە پێشکەوتنی پرۆسەی سەقامگیریی لەو وڵاتە دەکەن.
ئەم داوایەی سەرۆکی تورکیا لە کاتێکدایە زیاتر لە ساڵێکە پرۆسەی ئاشتی هاتوەتە ئاراوە و لە سوریاش هێزەکانی هەسەدە و دیمەشق رێککەوتون لەسەر تێکەڵاوکردنی هێزەکانیان.



