دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە؛ ئەگەر حەماس بەردەوام بێت لە کوشتنی خەڵک لە غەززە، کە بەشێک نەبووە لە رێککەوتنەکە، ئەوا  هیچ بژاردەیەکی تریان نابێت جگە لەوەی بچنە ناو غەززە و بیانکوژن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس، کەخۆی خاوەندارێتی دەکات پەیامێکی توندی ئاراستەی حەماس کرد و تێیدا هاتووە؛ ئەگەر بەردەوام بن لە کوشتنی خەڵکی ناو غەززە، ناچار دەبن دەستبکەن بە کوشتنیان و بژاردەی تریان نابێت، ترەمپ پێشتریش رایگەیاندبوو ئاگایان لە کارەکانی حەماسە و بە وردی چاودێریان دەکەن کە دەستیان کردوە بە لەناوبردنی نەیارەکانیان.

لە چەند رۆژی رابردوودا، چەند گرتە ڤیدیۆییەک بڵاوکرایەوە کە تێیدا چەکدارەکانی حەماس ژمارەیەک هاووڵاتی رەمی دەکەن بە بیانوی هاوکاریکردنی ئیسرائیل.

ئاژانسی رۆیتەرزیش گرتەڤیدیۆییەکانی لەسەر زاری چەکدارانی حەماسەوە پشتراستکردبوەوە و رایگەیاندبوو، لەدوای ئاگربەستەوە حەماس لاینیکەم 32 کەسی لە غەززە کوشتووە و لەهەوڵی خۆبەهێزکردنەوەدان.

ئەمە لە کاتێکدایە، کە بە گوێرەی پلانی ئاشتی دۆناڵد ترەمپ، دەبێت حەماس خۆیان هەڵبوەشێننەوە و چەکەکانیان دابنێن، ئەم داواکارییەش تا ئێستا لەلایەن حەماسەوە رەتدەکرێتەوە.